جێگری پارێزگاری حەسەكە ڕای گەیاند، ئەمڕۆ شەموو نۆی ئایار، كاروانێكی نوێی ئاوارەكانی عەفرین كە لە هەزار خێزان پێكدێن، لە حەسەكەوە بەرەو عەفرین دەگەڕێنەوە.
ئەحمەد هیلالی جێگری پارێزگاری حەسەكە لە ڕاگەیەنراوێكیدا ڕای گەیاند: ئەم كاروانە نزیكەی هەزار خێزان لەخۆ دەگرێت. هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ لە حەسەكە و حەلەب ئەركی پاراستنیان دەگرنە ئەستۆ.
هیلالی گوتیشی: هیوا دەخوازین سەرجەم ئاوارە و كۆچبەران لە زووترین كاتدا بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان.
گەڕانەوەی كاروانی ئەو ئاوارانە بەشێكە لە رێككەوتنی هەسەدە و حكوومەت، بەڵام پرۆسەكە بەو پێیەی دەركردنی عەرەبەكانیشی لە عەفرین تێدایە، پێویستی بە بودجە بوو تا قەرەبووی هەردوولا بكرێت و ئەمەش پرۆسەكەی دواخست.
لە 14 نیسانی ڕابردوودا، سێیەم كاروانی ئاوارەكانی عەفرین، لە 800 خێزان پێكهاتبوون، لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی ڕێكەوتننامەی دیمەشق و هەسەدە، گەڕانەوە بۆ ناوچەكانیان.