دیمەشق پرۆگرامی خوێندنی كوردی لە قوتابخانەكان ئامادە دەكات

:: PM:12:59:09/05/2026 ‌
ناوەندی پەرەپێدانی پرۆگرامی پەروەردەیی لە وەزارەتی پەروەردە و فێركردنی حكوومەتی سووریا، دەستی بە ئامادەكردنی پرۆگرامی خوێندنی زمانی كوردی لە چوارچێوەی پلانێكی كاركردنی شەش مانگی كرد، ئامانج لێی گەرەنتی ئازادی فێربوونە بە زمانی دایك بۆ قوتابیانی كورد.

جێبەجێكردنی بڕیاری محەمەد تركو رەبیعو وەزیری پەروەردە و فێركردنی سووریا كە زمانی كوردی وەك زمانی فەرمی لەو قوتابخانانەی كەوتوونەتە ئەو ناوچانەی زۆرینەی دانیشتووانی كوردن. بۆیە وەزارەتی پەروەردە و فێركردن دەستی بە پرۆسەی ئامادەكردنی زمانی دایك بۆ قوتابیانی كورد. 

د. عیسمەتولا ڕەمەزان بەڕێوەبەری ناوەندی نیشتمانی گەشەپێدانی پرۆگرامی پەروەردەیی لە وەزارەتی پەروەردە و فێركردنی سووریا، بۆ "العربی الجدید" گوتی، پرۆگرامی خوێندنی كوردی لە ماوەی شەش مانگ ئامادە دەكرێ و دواتریش بەردەوام پەرەی پێ دەدرێ و قوتابیانیش لە سەرجەم پۆلەكانی خوێندن سەرپشك دەكرێن، لەوەی زمانی كوردی بخوێنن یان نا.

عەبدوسەلام ئیبراهیم مامۆستای پەروەردەیی زمانی كوردی لە دەوروبەری حەسەكە گوتی، وەزارەت بە كردەیی دەستی بە نووسینەوە و ئامادەكردنی پرۆگرامی خوێندنی كوردی بۆ قۆناغی بنەڕەتی و سەرەتایی كردووە، لەو پێشنیازانەیشی كراون، بریتییە لە وەرگێڕانی پرۆگرامی نیشتمانی بۆ زمانی كوردی بۆ ساڵی داهاتووی خوێندن، بۆ پاراستنی یەكێتی پرۆگرامی خوێندن سەرەڕای جیاوازی زمان. بژارەیەكی تریش ئامادەكردنی پرۆگرامی تایبەتی زمانی كوردییە، بە بڕوای من وەك مامۆستایەك وەرگێڕانی پرۆگرامی نیشتمانی سووریا بۆ كوردی باشترە و بەمشێوەیە هەردوو پرۆگرامەكە یەك ناوەڕۆكیان دەبێ بە دوو زمانی جیاواز.

عەلی هۆگر هاووڵاتییەكی دەوروبەری قامیشلۆ دەڵێ، پشتبەستن بە پرۆگرامی خوێندنی كوردی لە قوتابخانەكان، بەشداریی لە فراوانكردنی زمانی دایك بۆ قوتابیانی كورد دەكات، ئاسانكارییەكی باش دەبێ كە زانیاری بە زمانی دایكیان وەربگرن، ئەمەیش توانای زانین و پەی پێ بردنیان فرەوانتر دەكات.


وشە - باز ئه‌حمه‌د