ئەمڕۆ عەلی زەیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق لەگەڵ مستەفا كازمی كۆبووەوە، پێشتریش لەگەڵ هەریەكە لە عەبدولمەهدی و ئەیاد عەلاوی و مالیكی و سوودانی و عەبادی كۆ بووەتەوە، وەك دەردەكەوێت زەیدی تەنیا لەگەڵ جەعفەری كۆنەبووەتەوە.
ئەمڕۆ شەموو نۆی ئایار، نووسینگەی عەلی زەیدی بڵاوی كردووەتەوە، زەیدی و مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی پێشتری عێراق كۆبوونەوە و باسی چەند بابەتێكی سیاسییان كردووە. هەر بەگوێرەی زانیارییەكانی نووسینگەی زەیدی، لە دوو رۆژی رابردوودا زەیدی لەگەڵ هەریەكە لە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی پێشتری عێراق و ئەیاد عەلاوی كۆبووەتەوە كە ئەویش ماوەیەك سەرۆك وەزیران بوو.
هەفتەی رابردوودیش زەیدی لەگەڵ نووری مالیكی كۆبووەوە كە دوو خول سەرۆك وەزیرانی عێراق بوو، ئینجا لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەر كۆبووەوە. وەك تێبینی دەكرێت زەیدی لەگەڵ سەرجەم سەرۆك وەزیرانەكان كۆبووەتەوە تەنیا لەگەڵ ئیبراهیم جەعفەری كۆ نەبووەتەوە. وەك میدیاكانی عێراق پێشتر باسیان كردووە، ئیبراهیم جەعفەری ماوەیەكە لە گۆڕەپانی سیاسی دوور كەوتووەتەوە و لە لەندەن نیشتەجێیە.
زەدیی لەگەڵ حەیدەر عەبادیش كۆیووەتەوە كە ئەویش سەرۆك وەزیران بووە، هەرچەندە میدیاكانی عێراق دەڵێن بە هۆی ئەوەی بەر لە كاندیدبوونی زەیدی، عەبادی كاندید كراوە بۆ ئەوەی جارێكی تر ببێتەوە سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەڵام دواتر بەشێوەیەكی كتوپڕ زەیدی كاندید كراوە، بۆیە عەبادی تاكە سەركردەی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە كە لە كاندیدبوونی زەیدی ناڕازییە و لە رێوڕەسمی راسپاردنی زەیدیش ئامادە نەبووە.