ئەمڕۆ جارێكی تر لە پارێزگای حەسەكە گەنجان هەڵیانكوتایە سەر كۆشكی داد و تابلۆ عەرەبییەكەیان هێنایە خوارەوە، نوورەدین ئەحمەد پارێزگاری حەسەكە دەڵێ، "ئەمە كاری تێكدەرانەیە لە بەرژەوەندیی كۆمەڵگە نییە، بۆیە رەتی دەكەینەوە".
ئەمڕۆ شەموو نۆی ئایار، جارێكی تر كۆمەڵێك گەنج هەڵیانكوتایە سەر كۆشكی داد لە شارەكە و تابلۆی فەرمانگەكەیان كە بە عەرەبی نووسرابوو هێنایە خوارەوە. چەند رۆژێكە هاووڵاتییانی حەسەكە داوا دەكەن لە سەرجەم داودەزگاكانی ناوچەكەیان، تابلۆ بە كوردی بنووسرێت.
نوورەدین ئەحمەد پارێزگاری حەسەكە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی كە كەناڵی فەرمی سووریا بڵاوی كردووەتەوە و دەڵێ، "ئەوەی هەندێك لە گەنجان دەیكەن كاری تێكدەرانەیە، بەتایبەتی ئەوەی لە دەوروبەری كۆشكی داد لە شاری حەسەكە روو دەدات، بۆیە قبووڵكراو نییە و لە بەرژەوەندیی كۆمەڵگە نییە، ئەمە رەنگدانەوەی رۆڵەكانی ناوچەكە نییە كە بە هۆشیاری و بەرپرسیارێتی ناسراون".
پارێزگاری حەسەكە دووپاتیشی دەكاتەوە، دامەزراوە گشتییەكان موڵكی هاووڵاتییانن. دوێنێ نوورەدین ئەحمەد لە لێدوانێكدا كە میدیای هەسەدە بڵاوی كردەوە، باسی لەوە كرد كە بڕیار دراوە سەرجەم تابلۆی دامەزراوەكانی دەوڵەت لەو ناوچانەی كە زۆرینە كوردن، بە زمانی كوردی بنووسرێن.