سۆمەریە نیوز: مەندەلاوی دەبێتە جێگری سەرۆكی حكوومەت

:: PM:05:15:09/05/2026 ‌
ماڵپەڕی كەناڵی سۆمەریە ئاشكرای دەكات، موحسین مەندەلاوی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی پێشوو دەكرێتە جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمە ئەگەرهاتوو پۆستەكە لە كابینەی داهاتوو هەبێت.

ماڵپەڕی كەناڵی سۆمەریە ئەمڕۆ شەموو نۆی ئایار، لە سەرچاوەیەكی سیاسی ئاشكرای كردووە، رێككەوتن لەسەر چەند پۆستێك كراوە لەوانە مەندەلاوی دەكرێتە جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق. محەمەد نووری دەبێتە وەزیری پیشەسازی و میقداد جومەیلیش دەبێتە وەزیری پەروەردە.

ئەمە لە كاتێكدایە میدیاكانی عێراق بڵاویان كردووەتەوە، عەلی زەیدی راسپێدراو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی عێراق بە نیاز نییە پۆستی جێگری سەرۆكی حكوومەت بگێڕێتەوە كە لە كابینەكانی پێشتر سەرۆكی حكوومەت چوار جێگری هەبوو، دوو بۆ شیعە، یەكێك بۆ كورد و ئەویتریش بۆ سوننە.

موحسین مەندەلاوی وەك سەركردەیەكی سیاسیی شیعە و سەرمایەدارێك ناسراوە، ئەندامی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەیە و لە خولی پێشوو جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان بوو.


وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل