ئینتیفاز قەنبەر چاودێری سیاسیی عێراقی لەسەر كۆبوونەوەی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا دەڵێ، "هەنگاوێكی گرنگە بۆ بەهێزكردنی پێوەندیی ستراتیجیی هەرێمی كوردستان و توركیا".
ئەمڕۆ شەموو نۆی ئایار لە ئیستانبووڵ، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لە ئیستانبووڵ كۆبوونەوە. ئینتیفاز قەنبەر چاودێریی سیاسی و توێژەری بەناوبانگی عێراق كە لە ئەمەریكا نیشتەجێیە لەبارەی كۆبوونەوەكە دەڵێ، "هەنگاوێكی گرنگە بۆ بەهێزكردنی پێوەندیی ستراتیجیی هەرێمی كوردستان و توركیا".
دواتر قەنبەر دەڵێ، "توركیا پێگەیەكی هەرێمایەتی هەیە وەك یاریكەرێكی ناوەندی لە بازرگانی و هەناردەی نەوتی و وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان، بۆیە ئەو هاوبەشیە پێویستە بۆ ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمەكە و فراوانكردن و هاریكاریی ئابووریی ستراتیجیی درێژخایەن".
بەگوێرەی زانیارییە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان و توركیا، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆكی حكوومەت و سەرۆكی توركیا، وەزیرانی دەرەوە و بەرگری و وزەی توركیا لەگەڵ سەرۆكی هەواڵگری توركیا ئامادەبوون.