ده‌سته‌ی چاودێری ئۆپراسیۆنی بازرگانی ده‌ریایی به‌ریتانیا ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م بڵاوی كرده‌وه، كه له‌لایه‌ن كه‌شتییه‌كی كه‌لوپه‌لی خۆراكه‌وه ئاگه‌دار كراوینه‌ته‌وه، كه كه‌شتییه‌كه‌یان به مووشه‌كێكی نه‌ناسراو كراوه‌ته ئامانج و ئاگر له‌سه‌ر كه‌شتییه‌كه كه‌وتووه‌ته‌وه.
ڕۆیته‌رز بڵاوی كردووه‌ته‌وه، كه‌شتییه‌كه له‌و كاته‌ی له دووری 23 میل له باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی شاری ده‌وحه‌ی پایته‌ختی قه‌ته‌ر جووڵه‌ی ده‌كرد، به مووشه‌كی نه‌ناسراو هێرشی كراوه‌ته‌سه‌ر و له ئه‌نجامدا ئاگرێكی بچووك له‌سه‌ر كه‌شتییه‌كه كه‌وتووه‌ته‌وه و توانراوه به زوویی دابمركێنرێته‌وه، كاپتنی كه‌شتییه‌كه دووپاتی كرده‌وه كه هیچ كه‌س به‌هۆی هێرشه‌كه بریندار نه‌بووه و زیانی گه‌وره‌یش به‌ر كه‌شتییه‌كه نه‌گه‌یشتووه.
ئێسته تیمه‌كانی ده‌ریاوانی لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر سه‌رچاوه‌ی هاوێشتنی مووشه‌كه‌كه ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه كه ته‌واوی كه‌شتییه گیرخواردووه‌كان له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی چاودێری ئۆپراسیۆنی بازرگانی ده‌ریایی به‌ریتانیا ئاگه‌دار كراونه‌ته‌وه، كه زۆر وریایانه مامه‌ڵه بكه‌ن و ده‌سته‌كه له هه‌ر چالاكییه‌كی گوماناوی ئاگه‌دار بكه‌نه‌وه.
له دوای ڕاگه‌یاندنی پڕۆژه‌ی ئازادی كه‌شتیوانی له گه‌رووی هورمز له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه، ئێران ده‌ستی به بۆردمانكردنی ئیمارات و كه‌شتییه‌كان له گه‌رووی هورمز كردووه و دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه، كه وه‌ڵامی هه‌ر جموجۆڵێك له گه‌رووی هورمز ده‌داته‌وه و ڕێگه نادات به هیچ شێوه‌یه‌ك بكرێته‌وه.