بەیانیی ئەمڕۆ یەكشەم چەكداران ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراویان بە خاڵێكی پشكنینی هێزەكانی پاكستان لە باكوری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە تەقاندەوە، دەستڕێژی فیشەكیشیان لە پۆلیسەكانی ئەو خاڵی پشكنینە كرد، لە ئەنجامدا 12 كەس كوژران و بەلایەنی كەمەوە پێنجی تریش بریندار بوون.
بەرپرسێكی باڵای پۆلیسی
پاكستان ئەمڕۆ یەكشەم بڵاوی كردەوە، 12 ئەندامی هێزەكانی پۆلیس لە ئەنجامی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێك بە خاڵێكی پشكنین لە شاری بانوی باكوری ڕۆژئاوای پاكستان، كوژران و دواتریش ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان هێزەكان و چەكداران ڕووی داوە.
ئەو بەرپرسە دووپاتی كردەوە، دوای تەواوبوونی هێرشەكە، سێ ئەندامی هێزەكانی پۆلیسیان دۆزیوەتەوە كە لە ژیاندا مابوون و بە پەلە گەیەنراونەتە نەخۆشخانەكان.
محەمەد سوجاد خان بەرپرس لە پۆلیسی شاری بانو گوتی، ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو كە لەلایەن خۆكوژێكەوە شوفێری دەكرا، خۆی بە خاڵی پشكنینی ناوچەی فاتح خیل لە شاری بانو تەقاندەوە، دواتر ژمارەیەك چەكداری تر گەیشتنە شوێنەكە و دەستڕێژی فیشەكیان لە هێزەكانی پۆلیس كردووە.
زیاتر گوتی، 12 پۆلیس كوژراون و بەلای كەمەوە پێنجی تریش بریندار بوون و یەكێكیشیان تا ئێستە بێسەروشوێنە.