وەزارەتی بەرگریی قەتەر بڵاوی كردەوە، كەشتییەكی پڕ لە كەلوپەلی بازرگانی لە سنووری ئاوی نێودەوڵەتی، بە درۆن هێرشی كرایەسەر.
لە ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی بەرگریی
قەتەردا هاتووە، كەشتییەكی پڕ لە كەلوپەلی بازرگانی لە سنووری ئاوی نێودەوڵەتیی وڵاتەكە و لە باكوری ڕۆژهەڵاتی بەندەری مسیعید، بەیانی ئەمڕۆ یەكشەم بە درۆن هێرشی كرایەسەر.
لە بەشێكی تری ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، لە ئەنجامی بەركەوتنی درۆن بە كەشتییەكە، ئاگرێكی سنووردار لە كەشتییەكە بەرز بووەتەوە و هیچ زیانێكی گیانی لێ نەكەوتووەتەوە.
دوای كۆنترۆڵكردنی ئاگری سەر كەشتییەكە، بەرەو كەناراوەكانی بەندەری مسیعید جووڵەی كردووە و ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی سەلامەتی گیراوەتەبەر لەگەڵ لایەنە پێوەندارەكان.
قەتەر یەكێكە لەو وڵاتانەی ئێستە لە هەوڵی چڕدایە بۆ ناوەندگیریكردن لە نێوان واشنتن و تاران، شاندێكی قەتەر لە ئەمەریكادان و لەگەڵ ماركۆ رۆبیۆی وەزیری دەرەوە و ستیڤ ویتكۆفی نێردەی تایبەتی كۆشكی سپی كۆبوونەتەوە، هەر ئەمڕۆیش سەرۆك وەزیرانی قەتەر لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی پاكستان بە تەلەفۆن گفتوگۆیان كرد، تاوتوێی هەوڵەكانیان بۆ نزیككردنەوەی واشنتن و تاران لەیەكتر كرد.