ئاڵوگۆڕی گیراوەكانی نێوان حكوومەتی كاتی سووریا و هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە)، هەنگاوی گەورەی بڕیوە و ئێستە دۆسیەكە بەرەو كۆتایی دەچێت.
لە چوارچێوەی زنجیرەیەك لێكتێگەیشتن و ڕێككەوتنی پێشوەختەی نێوان هەردوولا، تا ئێستە حكوومەتی كاتیی سووریا هەزار و 32 گیراوی هەسەدەی ئازاد كردووە، لە بەرانبەریشدا هێزەكانی سووریای دیموكرات 491 گیراوی سەربە حكوومەتی سووریایان بەڕەڵا كردووە.
بەگوێرەی نوێترین ئامارەكانی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، ئێستە تەنیا كەمتر لە 300 گیراوی هەسەدە لە گرتووخانەكانی حكوومەتی سووریادا ماونەتەوە، بڕیار وایە لە ماوەیەكی نزیكدا هەڵسەنگاندنی ورد بۆ ئازادكردنی گرووپێكی نوێ لەوانیش بكرێت .
حكوومەتی سووریا رای گەیاندووە، بەمزووانە ئەو دۆسیەیە بەیەكجاری دادەخرێت و كۆتایی پێدێت.
جێی باسە ئەم پرۆسەیە لە كاتێكدایە، چاوەڕوان دەكرێت ئەم لێكتێگەیشتنە زەوینە خۆش بكات بۆ گفتوگۆی قووڵتر لەسەر پرسە سیاسی و سەربازییەكانی تری ناوچەكە و پرۆسەی ئاشتی لە نێوان هەردوو هێز بەهێزتر دەكات.