داتاكانی كۆمپانیای كبلەر دووپات لەوە دەكەنەوە، دوو كەشتیی نەوتهەڵگری تر لە سەرەتای ئەم مانگەوە تا ئێستە بە گەرووی هورمز تێپەڕین، دوای ئەوەی ئامێری شوێنپێكەوتنیان كوژاندووەتەوە، تا لەلایەن ئێرانەوە چاودێری نەكرێن و نەبینرێن.
ڕۆیتەرز بڵاوی كردووەتەوە، كەشتیی زەبەلاحی نەوتهەڵگر "بەسرە ئینێرجی" ملیۆنێك بەرمیل نەوتی خاوی لە زاكۆمی سەروو لە بەندەری زیركۆی سەربە كۆمپانیای پترۆلی ئەبوزەبی نیشتمانی "ئادنۆك" هەڵگرتووە، لە یەكی ئایار/مایۆ دەستی بە جووڵە كردووە و شەشی ئەم مانگە گەرووی هورمزی تێپەڕاند و گەیشتە كەنداوی عومان.
كەشتییەكە ئاڵای پەنەمای هەڵگرتووە و تا ئێستە ڕوون نییە كام كۆمپانیا ئەو كەشتییەی بەكرێ گرتووە، كە لەلایەن كۆمپانیای بارهەڵگرتنی "سینوكۆر" خاوەنداری دەكرێ، بەڵام ئامادە نییە زانیاری لەسەر ئەو بابەتە بدات.
كۆمپانیای ئادنۆك و كڕیارەكانی لەمدواییە چەندان كەشتیی نەوتهەڵگری پڕ لە نەوتی خاویان لە هورمز تێپەڕاندووە، لەوكاتەوەی كە هاتوچۆی كەشتییەكان لە هورمز بە تەواوی وەستێنراوە.
لەلایەكی ترەوە داتاكان ئەوەیان دەرخستووە، كەشتییەكی نەوتهەڵگری تر بە ناوی "كیارا ئێم" شەوی یەكشەم كەنداوی عەرەبی جێهێشتووە و ئامێری شوێنپێكەوتنی كوژاندووەتەوە و نازانرێ بەرەو كوێ دەڕوات، كەچی گەرووی هورمزی بڕیوە و ئاڵای سان مارینۆی بەرز كردووەتەوە، ملیۆنێك بەرمیل نەوتی عێراقی هەڵگرتووە.