سبەی 40 وڵات بۆ دەستەبەری سەلامەتیی كەشتیوانی لە هورمز كۆ دەبنەوە

:: AM:09:51:11/05/2026 ‌
حكوومەتی بەریتانیا ئاشكرای كرد، سبەی سێشەم فڕەنسا و بەریتانیا میوانداری وەزیرانی بەرگریی 40 وڵاتی جیاجیای دنیا دەكەن، بۆ تاوتوێكردنی پلانی سەربازی دووبارە كردنەوەی گەرووی هورمز و ئازادی هاتوچۆی كەشتییە بازرگانییەكان لەو ڕێڕەوە ئاوییەدا.

وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە، جۆن هێلی وەزیری بەرگریی بەریتانیا لەگەڵ كاسرین فوتران هاوتا فڕەنسییەكەی، سەركردایەتیی كۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی 40 وڵاتی دنیا لە چوارچێوەی هەوڵەكان و ئەركی وڵاتانی فرەڕەگەز بۆ كردنەوەی گەرووی هورمز دەكەن.

لە بەشێكی تری ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، كۆبوونەوەكە بەشێوەی ئۆنلاین دەبێت، دوای دیداری پلاندانەرانی سەربازی دەبێ كە ماوەی دوو ڕۆژ لە مانگی ڕابردوو لە لەندەن كۆبوونەوە، تاوتوێی لایەنە كردەییەكانی ئەركی پاراستنی كەشتییەكان و كردنەوەی گەرووی هورمزیان كرد.

جۆن هێلی وەزیری بەرگریی بەریتانیا دووپاتی كردەوە، ڕێككەوتنی دیپلۆماسی بۆ پلانێكی سەربازی كردەیی بۆ چۆنیەتیی كردنەوەی جووڵەی كەشتیوانی لە گەرووی هورمز دەگۆڕین.

ئەو كۆبوونەوەیەی وەزیرانی بەرگریی بەریتانیا و فڕەنسا و 40 وڵاتی دنیا لە كاتێكدایە، دوێنێ كەشتیی وێرانكەری دراگۆنی بەریتانی و كەشتی فڕۆكەهەڵگری شارل دیگۆلی فڕەنسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نزیك بوونەوە، بۆ بەشداربوون لە ئۆپراسیۆنی كردنەوەی گەرووی هورمز.


وشە - باز ئه‌حمه‌د