ترەمپ گرەو لەسەر گوشاری چین بۆ سازشكردنی ئێران دەكات

:: AM:11:26:11/05/2026 ‌
ڕۆژنامەیەكی ئیسرائیلی لە زاری بەرپرسێكی ئەمەریكی ئەمڕۆ دووشەم بڵاوی كردەوە، سەرۆكی ئەمەریكا دۆسیەی جەنگ دژی ئێران دەباتە پەكین و سوورە لەسەر ئەوەی سەرۆكی چین ڕازی بكات كە گوشاری زۆر بخاتە سەر ئێران، بۆ ئەوەی سازشی زیاتر بكات و جەنگ كۆتایی بێ و گەرووی هورمز بكرێتەوە.

ڕۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرەنۆتی ئیسرائیلی لە زاری بەرپرسە ئەمەریكییەكە گواستوویەتییەوە، ترەمپ لە سەردانەكەی بۆ پەكین هانی چین دەدات هەژموونی سیاسی و ئابووری خۆی لەسەر ئێران، لە پێناوی ڕازیكردنی ئێران بە مەرجەكانی ئەمەریكا بەكار بهێنێت، بەو هۆیەشەوە ئێستە لێكگەیشتنە سیاسییەكان و هەوڵی دانوستانەكان دواخراون و بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە.

بەرپرسەكە نایشارێتەوە كە چین لایەنێكە دەتوانێ كاریگەریی گەورە لەسەر بڕیاری ئێران دروست بكات، بەتایبەت بەهۆی پێوەندیی ئابووری و ستراتیجی زۆر پتەو كە چەند ساڵێكە هەردوولای بەیەكەوە بەستووەتەوە.

لە بەرانبەر ڕازیكردنی چین بۆ ئەو هەنگاوە، ترەمپ سووككردنی باج لەسەر كەلوپەلی تەكنەلۆجی و بازرگانیی چین وەك كارتێكی دانوستان لەگەڵ پەكین بەكار دەهێنێت، تا لێكگەیشتنی زیاتر و فراوانتر لە نێوان پەكین و واشنتن دروست بكات و جیا لە گوشار خستنەسەر ئێران، دۆسیەكانی تەناهیی دنیا و هاوسەنگی ناوچەكەیش لەخۆ دەگرێت.

ئەو جووڵەیەی ترەمپ لە كاتێكدایە، مەترسیی نێودەوڵەتی هەیە كە بازنەی جەنگ لە ناوچەكە فراوانتر دەبێت و كاریگەریی گەورە لەسەر ئاسایشی وزە و گواستنەوەی دەریایی دروست دەكات، بۆیە زۆرن ئەو وڵاتانەی داوای چارەسەركردنی تەنگژەی نێوان تاران و واشنتن لە ڕێگەی دیپلۆماسی دەكەن، چینیش یەكێكە لەو وڵاتانەی لە سەرەتاوە ئەو داوایە دەكات.

بڕیارە ئێوارەی چوارشەم 13ی ئایار/مایۆ، دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، بە سەردانێكی فەرمی بگاتە پەكین و لەگەڵ شی جین پینگ سەرۆكی چین كۆ ببێتەوە، سەردانەكە دوو ڕۆژ دەخایەنێت و چاوەڕوان دەكرێ لە ئەنجامی ئەو سەردانەیشدا، گرژییەكانی نێوان ئەمەریكا و چین لەسەر بواری زیرەكی دەستكرد و بازرگانی كەمتر ببێتەوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د