باڵوێزخانەی ئەڵمانیا لە عێراق ڕای گەیاند، فەرمانبەرانی باڵوێزخانەكەی لە بەغدا و كونسوڵگەی گشتیی لە هەولێر، قۆناغی گەڕانەوەی هەنگاو بەهەنگاویان بۆ سەر كارەكانیان دەست پێ كردووە.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی باڵوێزخانەكە، ئێستە تیمەكان كار لەسەر زەوینەسازی دەكەن بۆ ئەوەی لە ئایندەیەكی نزیكدا دەرگای بەشە جیاوازەكان بەڕووی هاووڵاتییاندا بكەنەوە، لەبارەی دەستپێكردنەوەی مامەڵەی ڤیزە، باڵوێزخانەكە ڕای گەیاندووە كە تا ئەم ساتە ناتوانرێت "وادەیەك" بۆ كردنەوەی ئەو بەشە دیاری بكرێت، بەڵام دووپاتیان لەوە كردەوە كە كارەكان بۆ ئەو مەبەستە بەردەوامن.
داواش لە هاووڵاتییان كراوە بۆ زانینی هەر پێشهاتێكی نوێ، تەنیا پشت بە ماڵپەڕی فەرمی و هەژمارە فەرمییەكانیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ببەستن.
ئەم بڕیارەی ئەڵمانیا دوای ماوەیەك لە هەڵپەساردن یان كەمكردنەوەی كارەكانی نوێنەرایەتییەكانی دێت كە بەهۆی تێكچوونی بارودۆخی تەناهیی ناوچەكە، هێرشە مووشەكی و درۆنییەكان بوو بۆ سەر بنكە دیپلۆماسییەكان.
پێشتر بەهۆی پەرەسەندنەكانی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستـەوە، بەشە كونسوڵگەرییەكان بەشێوەیەكی كاتی داخرابوون، گەڕانەوەی ئێستەی فەرمانبەرانی ئەو ناوەندانەش وەك نیشانەیەك بۆ باشتربوونی دۆخەكە دەبینرێت.