ئێران: هێرش بكرێتەوە سەر وڵات بۆمبی ئەتۆمی دروست دەكەین

:: AM:10:51:12/05/2026 ‌
گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران ئاشكرای كرد، ئەگەر دووبارە هێرش بكرێتەوە سەر وڵاتەكەمان، تاران ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ 90% بەرز دەكاتەوە، لەو ئاستەیشدا دەتوانرێ بۆمبی ئەتۆمیی پێ دروست بكرێت.

ئیبراهیم ڕەزائی گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران، لە تۆڕی ئێكس نووسیویەتی، بەرزكردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ 90% یەكێكە لە بژارەكانی دەست ئێران، ئەگەر دووبارە هێرشی بكرێتەوە سەر، ئەمەیش لە پەرلەمان دەخەینە بەرباس و گفتوگۆ.

ئەو هەڕەشەیەی ئێران بەگوێرەی بۆچوونی شارەزایان، بۆ ڕێگرتنە لەوەی دووبارە بۆردمان بكرێتەوە، چونكە دوای ڕەتكردنەوەی وەڵامەكەی ئێران لەلایەن واشنتنەوە، ئێستە هیچ پێشڤەچوونێك لە دانوستانەكان بەدی ناكرێ و بەیانیی ئەمڕۆیش تۆڕی سی ئێن ئێن لە زاری سەرچاوەكانەوە بڵاوی كردەوە، ترەمپ بە ڕژدی بیر لە وەشاندنی گورزێكی سەربازی گەورە لە ئێران دەكاتەوە.

تا ئێستە ئێران توانیویەتی یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ ئاستی 60% بەرز بكاتەوە، بەمەیش پێویستی بە پیتاندنی زیاترە بۆ ئاستی 90%، بەڵام لەو دۆخەی ئێستە كە وێستگە ئەتۆمییەكانی بەسەر یەكتر داڕووخان لە ئەنجامی بۆردمانەكان، ماوەیەكی زۆری پێویستە تا نۆژەنیان بكاتەوە، ئەستەمە بتوانێ ئەو هەڕەشەیە جێبەجێ بكرێت.

ئەمەریكا و ئیسرائیل پێشتر بیریان لە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی تایبەت بۆ بردنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران لە ناو خاكی ئەو وڵاتە كردووەتەوە، بەڵام بەهۆی بەسەر یەكتر داڕووخانی وێستگەكانی ئەتۆمی، ئەستەمە ئۆپراسیۆنێكی لەمجۆرە لە ماوەیەكی كەمدا ئەنجام بدرێت.


وشە - باز ئه‌حمه‌د