ئیسرائیل دادگای سەربازی بۆ دادگاییكردنی گیراوانی فەلەستین دروست دەكات

:: AM:11:07:12/05/2026 ‌
پەرلەمانی ئیسرائیل پڕۆژەیاسایەكی بۆ دروستكردنی دادگایەكی سەربازی بە ئامانجی دادگاییكردنی سەتان چەكداری گیراوی حەماس پەسند كرد، كە لە هێرشی حەوتی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەری 2023 بۆ سەر ئیسرائیل بەشدارییان كردووە.

هێرشی ئەو چەكدارانە لە ناكاو بوو و هێزە بژارەكانی سەر بزووتنەوەی حەماس ئەنجامیان دا، شەڕێكی خوێناویی چەند ڕۆژە له دژی هێزەكانی ئیسرائیل بەرپا كرا، لە بەرانبەردا ئیسرائیل بە هەموو توانای خۆیەوە ڕووبەڕووی چەكدارانی حەماس بووەوە.

لە ئەنجامی ئەو شەڕە وەك ئیسرائیل بڵاوی كردووەتەوە، هەزار و 200 كەس كوژران كە زۆرینەی ڕەهایان خەڵكی سڤیل و بێتاوان بوون. لە ئەنجامی شەڕ و پێكدادانەكان سوپای ئیسرائیل توانای 200 تا 300 چەكداری حەماس بگرێت.

ئێستەیش كنێستی ئەو وڵاتە یاسای بۆ پێكهێنانی دادگایەكی سەربازی بۆ دادگاییكردنی ئەو چەكدارە گیراوانە دەكرد، بەگوێرەی یاساكەیش دادگاكە لەلایەن سێ دادوەرەوە سەرپەرشتی دەكرێ و لە ئۆرشەلیم دادەنیشن و یەك یەك چەكدارە گیراوەكان دادگایی دەكەن.

یاساكە بە دەنگی 93 پەرلەمانتار لە كۆی 120 پەرلەمانتاری كنێستی ئەو وڵاتە تێپەڕێنراو، نیشانە و پەیامێكی ڕوونی یەكدەنگی و هاوهەڵوێستی ئیسرائیلی دووپات كردەوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د