مستەفا قەرەسوو بە توندی هێرشی كردە سەر سیاسەتەكانی حكوومەتی سووریا لە ناوچە كوردییەكان و لادانی زمانی كوردی لەسەر تابلۆ فەرمییەكان بە "عەقڵییەتی جینۆساید" ناو برد. ئاماژەی بەوەش كرد، ئەوەی دیمەشق دەیكات لاساییكردنەوەی سیاسەتە كۆنەكانی توركیایە.
مستەفا قەرەسوو ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە)، لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ میدیای حزبەكەی ئەو دەنگۆیانەی رەت كردەوە كە ناوی پەكەكەیان گۆڕیبێت و دەڵێت: پەكەكەش پێشتر هەر ئاپۆچی بووە و داهاتووش هەروا دەبێت.
لەبارەی چەكدانانیش گوتی، ئێمە لە شاخین و چەكمان پێویستە و چەكیشمان پێیە، بەڵام چەكەكانمان وەك جاران دژی توركیا بەكار ناهێنین، بۆ ئەوەی چەكی دەستی ئێمەش نەمێنێت، دەبێ زەوینەی دیموكراسی و یاسایی بڕەخسێت.
لەبارەی چەمكی "ئینتیگراسیۆن" یان تێكەڵبوونەوە كە ئۆجەلان باسی كردووە، قەرەسوو روونی كردەوە، "مەبەست لێی توانەوەی كورد نییە، بەڵكو كۆتاهێنانە بەو دابڕانە 100 ساڵەی بەهۆی نكۆڵیكردن لە كورد دروست بووە. ئەمەش تەنیا بە ناسینی ناسنامە، زمان و خۆبەڕێوەبەریی كورد لە دەستووردا دەكرێت."
قەرەسوو بە توندی هێرشی كردە سەر سیاسەتەكانی حكوومەتی سووریا لە ناوچە كوردییەكان، لادانی زمانی كوردیی لەسەر تابلۆ فەرمییەكان بە "عەقڵییەتی جینۆساید" ناو برد. داواشی لە گەلی كورد كرد لەو ناوچانە راپەڕن و خاوەندارێتی لە شوناسی خۆیان بكەن، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی دیمەشق لاسایی سیاسەتە كۆنەكانی توركیا دەكاتەوە.
لەبارەی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرییەوە گوتی، ئەو پرۆسەیە هەست دەكەین گەیشتووەتە بنبەست، چیتر توركیا كاری پێ ناكات و تەنا لە گوتاردا هێشتوویەتییەوە، ئەو پرۆسەیە پێویستی بە كردار هەیە كە سەردەستەكانی توركیا هەنگاوی بۆ نانێت.
ئەوە لە كاتێكدایە دوێنێ ئەردۆغان رای گەیاند، پێویستە دەستوور بێتە گۆڕین، گۆڕینی دەستووریش دەرفەت دەڕەخسێنێت پرۆسەی ئاشتی باشتر بەڕێوە بچێت و خاڵەكانی جێبەجێ بكرێن.