ڕۆیتەرز: سعوودیە هێرشی ئاسمانیی نهێنی کردووەتە سەر خاکی ئێران

:: PM:11:27:12/05/2026 ‌
ئەمڕۆ سێشەم 12ی ئایاری 2026، ئاژانسی "ڕۆیتەرز" ئاشکرای کرد کە سعوودیە چەندان هێرشی ڕانەگەیەنراوی کردووەتە سەر ئێران، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو بۆردمانانەی تاران کردبوویە سەر شانشینەکە لە کاتی شەڕی ئەم دوایییەدا کە لە 28ی شوباتی 2026 دەستی پێ کرد.

ئاژانسەکە لە زاری دوو بەرپرسی ڕۆژئاوایی و دوو بەرپرسی ئێرانییەوە گواستیەوە کە، ئەو هێرشانەی سعوودیە پێشتر ڕانەگەیەنراون و ئەمە یەکەم جارە کە بزانرێت ڕیاز بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ کردەوەی سەربازی لە ناو خاکی ئێراندا ئەنجام داوە، ئەمەش پێشان دەدات کە سعوودیە بوێرتر بووە لە بەرگریکردن لە خۆی بەرانبەر بە ڕکابەرە سەرەکییەکەی لە ناوچەکەدا.

بەگوتەی دوو بەرپرسە ڕۆژئاواییەکە، هێرشەکان لەلایەن هێزی ئاسمانیی سعوودیەوە ئەنجام دراون و مەزەندە دەکرێت لە کۆتایی مانگی ئاداری 2026 بووبن. یەکێک لە بەرپرسەکان ڕوونی کردەوە کە ئەوە تەنیا لێدانێکی وەڵامدەرەوە بووە لە بەرانبەر ئەوەی سعوودیە بۆردمان کرابوو.

بەپێی "ڕۆیتەرز"، ئەم بۆردمانانەی سعوودیە فراوانبوونی بازنەی ململانێکان پێشان دەدەن کە لە دوای هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران سەری هەڵدا، بەو پێیەی تاران گشت شەش وڵاتەکەی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداوی بە مووشەک و درۆن کردە ئامانج، نەک تەنیا بنکە ئەمەریکییەکان، بەڵکوو فڕۆکەخانە، ژێرخانی نەوت و ناوەندە مەدەنییەکانیشی بۆردمان کرد و گەرووی هورمزیشی داخست.

بەرپرسە ئێرانی و ڕۆژئاواییەکان ئاشکرایان کرد، سعوودیە تارانی لە هێرشەکان ئاگادار کردووەتەوە، دوابەدوای ئەوەش جووڵەیەکی چڕی دیپلۆماسی و هەڕەشەی زیاتری سعوودیە بۆ وەڵامدانەوە هاتە ئاراوە، کە لە کۆتاییدا هەردوو وڵات گەیشتنە لێکتێگەیشتن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان.

عەلی فایز بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئێران لە گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت، ئەم وەڵامدانەوەیەی سعوودیە و لێکتێگەیشتنەکەی دواتر، ددانپێدانانێکی واقیعییانەیە لەلایەن هەردوولاوە کە پەرەسەندنی بێ کۆنترۆڵ باجێکی زۆر قورسی دەبێت و ناتوانرێت قبووڵ بکرێت.

دوا بە دوای ئەم پێشهاتانە، ژمارەی هێرشەکان بۆ سەر سعوودیە لە 105 هێرشەوە لە کۆتایی مانگی ئادار، دابەزی بۆ تەنیا 25 هێرش لە سەرەتای مانگی نیسان. بەڵام سەرچاوە ڕۆژئاواییەکان دەڵێن، ئەو مووشەکانەی لە ڕۆژانی پێش ئاگربەستەکە ئاراستەی سعوودیە کران، سەرچاوەکەیان عێراق بووە نەک ئێران. ئەمەش وای کرد ڕیاز لە 12ی نیساندا باڵیۆزی عێراق بانگهێشت بکات بۆ گەیاندنی ناڕەزایەتی، لە هەمان کاتیشدا پاکستان فڕۆکەی جەنگیی بۆ دڵنیاییدان بە سعوودیە ڕەوانە کرد.

لەلایەکی ترەوە، ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ـی ئەمەریکی دوێنێ دووشەم ئاشکرای کرد کە ئیماراتیش بە نهێنی بۆردمانی سەربازیی لە ناو ئێراندا ئەنجام داوە. هێرشەکان پاڵاوگەیەکی نەوتیان لە دوورگەی "لاوان"ـی ئێرانی لە سەرەتای مانگی نیسان کردووەتە ئامانج، کە بووەتە هۆی ئاگرێکی گەورە و پەکخستنی بەشێکی زۆری توانای بەرهەمهێنانی پاڵاوگەکە. ئێرانیش لە وەڵامدا چەندان مووشەک و درۆنی ئاراستەی ئیمارات و کوێت کردبوو.


وشە - پۆڵا مەحموود