عادل ركابی: زۆرینەی گرووپەكانی عێراق گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی دەبێت چەك رادەستی دەوڵەت بكەن

:: AM:10:32:13/05/2026 ‌
پەرلەمانتاری فراكسیۆنی سادقوون ئاشكرای دەكات، دوو لەسەر سێی كابینەكەی زەیدی لە دانیشتنی پەرلەمان پەسند دەكرێت، بەڵام سێیەكی كۆتایی دوا دەخرێت تا ئەوكاتەی دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ واشنتن لەبارەی بەشداریكردنی گرووپەكان لە حكوومەتەكەی زەیدی كۆتایی دێت.

عادل ركابی لە چاوپێكەوتنێكی تەلەڤزیۆنیدا باسی لەوە كردووە، زۆرینەی ئەو گرووپ و لایەنانەی خاوەنی چەكن، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی كە دەبێت رادەستی دەوڵەتی بكەن، بەڵام ناكۆكیی ئێستە پێوەندیی بە میكانیزمی رادەستكردنەكە و ئەو قەوارەیە هەیە كە وەریدەگرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، ئامادەیی هەیە بۆ رادەستكردنی چەك و ناڕەزایی نییە بۆ ئەمە، بەڵام بەو مەرجەی لە رێگەی میكانیزمی عێراقییەوە ئەنجام بدرێت، هەروەها لیژنەیەك لە چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە سەرپەرشتی رادەستكردنەكە بكات و بدرێت بە دەستەیەكی فەرمی حكوومی كە لە ژێر دەسەڵاتی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكاندا بێت.

بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارە، پشكی سادقوون لەم حكوومەتەدا وەزارەتی كار و پۆستی جێگری سەرۆكی حكوومەت دەبێت، رەوتی حیكمە وەزارەتەكانی دارایی، لاوان و وەرزش، خوێندنی باڵا و ناوخۆ بۆ هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، كارەبا و نەوت و كشتوكاڵ بۆ ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان دەبێت.



وشە - سۆران عەزیز