ئیسرائیل توانا و مەودای فڕینی فڕۆكەی ئێف 35 زیاتر دەكات

:: AM:11:17:14/05/2026 ‌
وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل ئەمڕۆ پێنجشەم، گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیای سایكلۆنی سەربە كۆمپانیای ئەلبیت سیستەمز واژوو كرد، تا مەودا و توانای فڕۆكەی فڕۆكە جەنگییەكانی ئێف 35ی ئەو وڵاتە زیاتر بكات.

لە ڕاگەیەنراوێكی حكوومەتی ئیسرائیلدا هاتووە، گرێبەستەكە بە گوژمەی 34 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی واژوو كراوە، لەو ڕێگەیەوە كۆمپانیاكە هەوڵی پەرەپێدان و دروستكردنی تانكی زیاتری سووتەمەنی بۆ فڕۆكەكە دەدات، پێشتر ئەم كۆمپانیایە بەهەمانشێوە بۆ فڕۆكەی ئێف 16 بەكاری هێنابوو.

هێما بۆ ئەوەیش كراوە كە لە ئەنجامی دروستكردنی تانكیی تری سووتەمەنی، توانایەكی نوێ و زیاتر بە فڕۆكەی ئێف 35 دەدرێ و دەتوانێ مەودای زیاتر بفڕێ و لە ئاسمان بمێنێتەوە، كەمتر پشت بە تێكردنی سووتەمەنی لەو جۆرە فڕۆكانە لە ئاسمانەوە ببەسترێت و بۆ ئۆپراسیۆنی دوورمەودا بەمشێوەیە كەڵكی زۆری لێ وەردەگیرێت.

گرێبەستەكە لە چوارچێوەی ستراتیجێكی فراوان بۆ دووبارە بەهێزكردنەوەی توانا سەربازییەكان دێت كە وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل پێی هەستاوە، هاوكات بەشێكە لە ئامادەكاریی پێشوەختە بۆ ئەگەری دەستكردنەوە بە بۆردمان و هێرش بۆ سەر كۆماری ئیسلامیی ئێران.

پێشتر یەحئیل لایتر باڵویزی ئیسرائیل لە ئەمەریكا ئاشكرای كرد، وڵاتەكەی هەوڵی پەرەپێدان و دەستكاریكردنی فڕۆكەی ئێف 35ی دروستكراوی كۆمپانیای لۆكهید مارتنی ئەمەریكی دەدا و تانكی سووتەمەنیی زیادەی بۆ دەبەستێت، تا توانا و مەودای فڕینی زیاتر بكات و پێویستی بەوە نەبێ لە ئاسمانەوە سووتەمەنی پێ بگەیەنرێت.


وشە - باز ئه‌حمه‌د