ئەمڕۆ هەینی 15ی ئایاری 2026، ڕۆژنامەی "نیویۆرک پۆست" بڵاوی کردەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ چین مۆبایلە تایبەتەکەی بەکار ناهێنێت، و پێدەچێت پۆستەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە واشنتنەوە بڵاو بکرێنەوە.
ترەمپ و ئەندامانی تری شاندی ئەمەریکا ڕێنماییان پێ دراوە کە مۆبایلە تایبەتەکانیان بەکار نەهێنن، ئەوەش بەهۆی مەترسیی هاککردنیانەوە، کۆشکی سپیش بۆ ڕۆژنامەکە دووپاتی کردەوە کە ترەمپ مۆبایلە تایبەتەکەی لە چین بەکار ناهێنێت.
هەروەها "نیویۆرک پۆست" ئاماژەی بەوە داوە کە چالاکییەکانی ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە کاتی سەردانەکەیدا کەم بووەتەوە، ئەو فەرمانبەرانەی ئیدارەی ئەمەریکاش کە یاوەریی سەرۆک دەکەن لە گەشتەکەدا، مۆبایل و ئیمەیڵی کاتی بەکار دەهێنن.
بەپێی ڕۆژنامەکە، سەرجەم ئامێرە ئەلیکترۆنییە کەسییەکانی بەرپرسانی ئەمەریکا لە ناو سندووقی "فارادای"دا پارێزراون، کە لە شەپۆلە کارۆموگناتیسییە دەرەکییەکان دەیانپارێزێت. ئەو ئامێرانە لە ناو فڕۆکەی سەرۆکایەتیدا هەڵگیراون و ترەمپ و تیمەکەی هەر کە گەڕانەوە، دەتوانن دەستیان پێ بگات.
سەرۆکی ئەمەریکا لە ماوەی نێوان 13 بۆ 15ی ئایار سەردانی چینی کرد، و ئەمڕۆ هەینی کۆتا گفتوگۆی لەگەڵ شی جین پینگ سەرۆکی چین ئەنجام دا و دواتر چینی جێهێشت.