ئەمڕۆ هەینی 15ی ئایاری 2026، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕای گەیاند، گەییشتوونەتە لێکتێگەیشتن سەبارەت بە دواخستنی دانوستانەکانی دۆسیەی ئەتۆمی بۆ کاتێکی تر. هاوکات دۆخی گەرووی هورمزی بە "ئاڵۆز" وەسف کرد کە پێویستی بە هەوڵە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر، و پێشوازی لە هەوڵەکانی ڕووسیا، چین، هیندستان و پاکستان کرد بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئێستە.
عێراقچی لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی گرووپی "بریكس" لە نیودەلهیی پایتەختی هیندستان گوتی، گەییشتووینەتە لێکتێگەیشتن بۆ دواخستنی دۆسیەی ئەتۆمی لە دانوستانەکاندا بۆ قۆناغێکی تر، و ئێمە تاوتوێی پێشنیازەکەی ڕووسیا دەکەین سەبارەت بە گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو، هەروەها لەسەر گشت پرسەکان ڕاوێژ لەگەڵ ڕووسیا دەکەین.
هەروەها گوتی، دانوستانەکانی ئێستە لەگەڵ ئەمەریکا متمانەیان تێدا نییە، و هیوادارین بەردەوام بین لە گرتنەبەری دیپلۆماسی بۆ گەییشتن بە چارەسەرێک. دووپاتیشی کردەوە، "پێشوازی لە دانوستان دەکەین بە مەرجی ڕژدیی ئەمەریکا، و ئێمە ئارەزووی دانوستانمان هەیە.
وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە کە تاران هەوڵ دەدات ئاگربەست بپارێزێت و دەرفەت بە دیپلۆماسی بدات، ڕوونیشی کردەوە، پێشوازی لە هەر هەوڵێکی چین، هیندستان و ڕووسیا دەکەین بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە، هەروەها نێوەندگیریی پاکستان شکستی نەهێناوە، بەڵام ڕووبەڕووی سەختی بووەتەوە.
عێراقچی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، "سوپاسی هەر هاوکارییەکی چین دەکەین و بەرز دەنرخێنین، هەروەها بەشداریی هەر وڵاتێک بەرز دەنرخێنین کە توانای دۆزینەوەی چارەسەری هەبێت. ئاماژەی بەوەش دا کە پەیامە ناکۆکەکان هۆکاری ئاستەنگکردنی دانوستانەکان بوون.
ڕوونیشی کردەوە، پەرۆشین بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ هیندستان سەبارەت بە ئاسایشی وزە.
سەبارەت بە دۆخی هورمز، عەراقچی ڕای گەیاند، دۆخی گەرووی هورمز لە کاتی ئێستەدا زۆر ئاڵۆزە. هیوادارین گەرووەکە بەتەواوی بکرێتەوە. ئاماژەی بەوەش دا کە، هەر کەشتییەک بیەوێت لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە دەربچێت، دەبێت هاوئاهەنگی لەگەڵ ئێمە بکات، و ئێمە ئامادەکاری دەکەین بە هاوئاهەنگی لەگەڵ عومان بۆ پەڕینەوەی سەلامەت لە ناو گەرووی هورمز.