شاندێكی میت سەردانی قەندیلی كردووە و گفتوگۆكان چوونە قۆناغێكی ترەوە

:: AM:08:38:16/05/2026 ‌
میدیاكانی نزیكی پەكەكە و توركیا ئاماژە بەوە دەكەن كە شاندێكی حكوومەتی توركیا، لەگەڵ بەرپرسانی قەندیل كۆ بوونەتەوە و بڕیار دراوە لە ماوەی 10 رۆژدا نەخشە رێگەیەك بنووسرێتەوە.

كەناڵی "نومەدیا" دەڵێت، گفتوگۆكانی توركیا و پەكەكە لە هەفتەی رابردوودا لە قەندیل بوون و زۆر شت لە كۆبوونەوەكە باس كراوە، لەوانە كۆتایی پەكەكە و گەڕانەوەی ئەندامانی ئەو هێزە بۆ ناو خاكی توركیا، هاوكات باس لە ئازادكردن و پێدانی بەرپرسایارێتی و بەڕێوەبردنی پرۆسەكە وەك لایەنی كوردی بە ئۆجەلانیش كراوە.

ڕۆژنامەی "یەنی یاشام" ئاشكرای كردووە كە دیداری ڕووبەڕوو لە نێوان نوێنەرانی دەوڵەت و قەندیل لە دەرەوەی قەندیل ئەنجام دراوە. 

هاوكات ڕۆژنامەكانی "توركیا" نزیك لە حكوومەت پشتڕاستیان كردووەتەوە كە دەزگای هەواڵگریی توركیا (میت)، پێوەندیی بە قەندیلەوە كردووە و بڕیارە لە ماوەی 10 ڕۆژدا نەخشەڕێگەیەك بنووسرێتەوە.

 بەپێی راگەیاندنی توركیا بڕیار دراوە لە ماوەی 10 رۆژدا نەخشەرێگەیەك بنووسرێتەوە، هەردوو لا لەسەر ئەوە رێككەوتوون.

مەرجی سەرەكیی قەندیل و  بەپرسانی دەم پاتی  ئەوەیە كە عەبدوڵا ئۆجەلان وەك كەسی یەكەمی بەڕێوەبەری دانوستانكاری كورد بناسرێت، زەوینەی یاسایی بۆ ئۆجەلان و كێشەكانی تری كورد بڕەخسێت.

  توركیا بەڵێنی داوە پرۆسەكە بەیاسایی بكات، ئەگەرچی ماوەكەی دیاری نەكراوە، بەڵام هەردوولا سوور بوون لەسەر ئەوەی دەستوور بێتە گۆڕین و خوێندن و زمانی كوردی بەفەرمی بێتە ناسین و گیراوانی سیاسیی كورد ئازاد بكرێن.

ئەگەرچی بەپرسانی پەكەكە هێشتا متمانەیان بە دەوڵەت نییە و پێیان وایە كات دەكوژێت، بەڵام لێدوانی بەرپرسانی حكوومەت باس لەوە دەكەن پرۆسەكە سەر دەخەن و سوورن لەسەر ئەوەی كێشەی 100 ساڵەی توركیا كە كوردە چارەسەر بكەن.



وشە - سۆران عەزیز