پەترایۆس پێشتر ئەزموونی لە راونانی تیرۆریستانی قاعیدە هەبوو ئێستە بەدوای میلشیاكانەوە دەبێت
هەرچەندە پێشتر بەرپرسانی عێراق رەتیان كردبووەوە هیچ ئەركێكی نوێ بە جەنەراڵ دێڤید پەترایۆس فەرماندەی پێشووی ئەمەریكا لە عێراق بدرێت، كەچی ئەمڕۆ پەترایۆس گەیشتە بەغدا و لەگەڵ فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراق كۆبووەوە.
ئەمڕۆ شەموو 16ی ئایار،
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراق لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد، فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراق، پێشوازیی لە پەترایۆس كرد و لەگەڵی كۆبووەتەوە. لە دیدارەكەدا ستایشی جەنەراڵ پەترایۆسی كردووە بۆ ئەو كۆششەی لە ماوەی كاركردنی لە عێراق داویەتی، هانی كۆششی ئاشتبوونەوەی نیشتمانیشی داوە.
هەشتی ئەم مانگە رۆژنامەی شەرق ئەوسەت و چەند میدیایەكی تر ئاشكرایان كرد، جەنەراڵ پەترایۆس بۆ عێراق دەگەڕێتەوە و لەگەڵ لیژنەیەكی سێ كەسی كە لە عێراق پێكهاتووە، میكانیزمی چەككردنی میلیشیاكانی عێراق دادەنێن. رۆژنامەی شەرق ئەوسەت باسی لەوە كردووە، پەترایۆس سەردانی عێراق دەكات بۆ دڵنیابوون لەوەی حكوومەتی نوێ بە تەواوی پێوەندییەكانی لەگەڵ میلیشیاكان دەپچڕێنێ.
ئەوكات شەرق ئەوسەت ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، نەیتوانیوە لەوە دڵنیا ببێتەوە كە جەنەراڵ لە كاتی سەردانەكەی بۆ عێراق چ پلەیەكی فەرمی دەبێت. كەچی دوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، میدیای فەرمی عێراق و بەرپرسانی ئەو وڵاتە رەتیان كردەوە پەترایۆس سەردانی عێراق بكات.
لە وەسفی جەنەراڵ پەترایۆس رۆژنامەی
شەرق ئەوسەت دەڵێ، "بە دیارترین ئەو فەرماندانە دادەنرێت كە لە جەنگی عێراق دوای 2003، ئەزموونێكی زۆری پەیدا كردووە لە بواری جەنگ و ستراتیجی جۆراوجۆر لەوانە فەرماندەی فرقەی 101 پەڕەشووت بووە كە لە كاتی خستنی رژێمی سەدام رەوانەی عێراق كرا".
ئەو رۆژنامەیە پێی وایە ئەزموونی پەترایۆس لە دوای 2004 لە بواری مەشقكردنی هێزە تەناهییەكانی عێراق لە سەروبەندی شەڕی تایفەگەری، هەروەها مامەڵەكردنی لەگەڵ رێبەرە سیاسییەكانی عێراق كە ئەوكات هەندێكیان میلیشیایان هەبوو لەوانە هادی عامری، وا دەكات جەنەراڵی خانەنشینكراو بەو ئەزموونەوە رۆڵێكی دیاری هەبێت لە دۆسیەی چەكی میلیشیاكان.
جەنەراڵ پەترایۆس لە ساڵی 1952 لە ئەمەریكا لە دایك بووە و لە 1974 تا 2011 لە ریزەكانی سوپای ئەمەریكا كاری كردووە، لە 2007 تا 2008 بەرپرسی تەواوی هێزەكانی هاوپەیمانان بووە لە عێراق، دواتر بەرپرسی تەواوی هێزەكانی ئەمەریكا بووە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئینجا بەرپرسی هێزەكانی ئەمەریكا بووە لە ئەفغانستان و دواتر خانەنشین بووە.
دەركەوتنەوەی پەترایۆس پێوەندیی بە حكوومەتی عەلی زەیدی هەیە كە پێنجشەمی رابردوو لە پەرلەمانی عێراق متمانەی پێ درا، بەگوێرەی زانیارییەكانی میدیای عەرەبی و عێراقی، عەلی زەیدی كار بۆ ئەوە دەكات هەژموونی میلیشیاكان لە عێراق كەم بكاتەوە.