رۆژنامەیەك: زەیدی بەڵێنی سەقامگیری داوە و وەزیری ناوخۆ و بەرگرییشی نییە

:: PM:05:35:16/05/2026 ‌
رۆژنامەی مەدای عێراقی دەڵێ‌ حكوومەتی زەیدی بەڵێنی رووبەڕووبوونەوەی چەكی نایاسایی داوە، بەڵام وەزارەتەكانی تایبەت بە بەرگری و ئاسایشی نییە.

بەگوێرەی رۆژنامەكە كە ئەمڕۆ شەموو 16ی ئایار راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە، عێراق لە بارودۆخێكی ئاڵۆزی تەناهی دایە و چەندان دۆسیە لەو بوارەدا هەیە لەوانە ئاسمانی عێراق لەلایەن فڕۆكەی وڵاتانەوە دەبەزێنرێت و هەروەها ئۆپراسیۆنی تایبەت و نهێنی لەناو خاكی عێراق ئەنجام دەدرێت، سەرەڕای ئەمەیش حكوومەتی نوێ‌ بەڵێنی بە ئەمەریكا داوە رووبەڕووی چەكی نایاسایی و چەكی میلیشیاكان ببێتەوە.

كەچی لەو كاتەدا  كابینەكەی عەلی زەیدی دوو  وەزارەتی گرنگ و هەستیاری بێ وەزیرە، ئەوانیش وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی ناوخۆیە، بەهۆی كێشەی سیاسی لایەنەكانەوە، ئەو دوو وەزارەتە یەكلایی نەبووەنەتەوە، كە بەرگری لە پشكی پێكهاتەی سوننەیە و ناوخۆیش  لە پشكی  پێكهاتەی شیعەیە، ئەمەیش عێراق دەخاتە بارودۆخێكی هەستیارەوە، چونكە یەكلانەكردنەوەی ئەم دوو پۆستە رەنگدانەوەی بەسەر بارودۆخی تەناهی عێراق دەبێت.

 بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا میدیای عێراقی باسی لەوە كردووە، عەلی زەیدی بە نیازە قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و حەمید شەتری سەرۆكی هەواڵگری عێراق لە پۆستەكەی خۆیان بهێڵێتەوە بۆ ئەوەی لەم قۆناغەدا بۆ ئاڵەنگارییەكان پشت بەم دوو بەرپرسە ببەستێت.



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل