نووسەرێکی کورد لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبۆڵ گیرا

:: PM:10:29:16/05/2026 ‌
ئەمڕۆ شەموو 16ی ئایاری 2026، دەسەڵاتدارانی تورکیا، یەڵدز چاکاری نووسەر و ڕۆماننووسی کوردیان دەستگیر کرد، ئەوەش دوای ئەوەی لە ئەڵمانیاوە کە ماوەیەکی درێژە لەوێ نیشتەجێیە، گەییشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئیستەنبۆڵ.

بەپێی ڕۆژنامەی زەمەنی تورکی، چاکار بەنیاز بووە دوای گەڕانەوەی لە دەرەوەی وڵات، بەرەو شاری ئامەد بڕوات، بەڵام پۆلیس لەگەڵ گەییشتنی بە فڕۆکەخانە دەستبەسەری کردووە و بردوویەتی بۆ ناوەندی تەناهیی ناو فڕۆکەخانەکە، پاشان ڕەوانەی داواکاری گشتی کراوە بۆ گرتنەبەری ڕێکارە یاساییەکان لە دژی.

سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند سەعاتێک بەسەر ڕووداوەکەدا، لایەنە فەرمییەکانی تورکیا هیچ ڕاگەیەنراوێکیان بۆ ڕوونکردنەوەی هۆکاری گرتنی چاکار دەرنەکردووە، هەروەها تا ئێستە وردەکارییەکانی لێکۆڵینەوە و بڕیاری داواکاری گشتی ڕوون نین.

یەڵدز چاکار لە ساڵی 1978 لە ئامەد لەدایک بووە. جگە لە نووسینی چەندان کۆمەڵەشیعر، ڕۆمان و کورتەچیرۆک، وەک شانۆنووسیش کاری کردووە و شانۆگەرییەکانی لە چەندان شوێن نمایش کراون، لەوانەش لە شانۆی "ماکسیم گۆرکی" لە بەرلین. ئەو نووسەرە کوردە بە نووسینە قووڵەکانی لە پرسە کۆمەڵایەتی، کولتووری و هونەرییەکاندا دەناسرێتەوە، و لە ساڵانی ڕابردوودا ئەوروپای بۆ نیشتەجێبوون هەڵبژاردبوو بۆ ئەوەی لە کاروانی ئەدەبیی خۆی بەردەوام بێت.


وشە - پۆڵا مەحموود