قاڵیباف: جیهان لە لێواری سیستەمێکی نوێدایە کە موڵکی باشوورە

:: PM:11:30:16/05/2026 ‌
ئەمڕۆ شەموو 16ی ئایاری 2026، محەمەد باقر قاڵیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕای گەیاند کە جیهان لە لێواری سیستەمێکی نوێدایە کە موڵکی باشوورە.

قاڵیباف لە پۆستێکدا لەسەر تۆڕی (ئێکس) نووسیویەتی، جیهان لە لێواری سیستەمێکی نوێدایە، وەک شی جین پینگ سەرۆکی چین گوتی: (ئەو گۆڕانکارییە بێپێشینەیەی لە سەدەیەکدا ڕوو دەدات، لە سەرانسەری جیهاندا خێراتر دەبێت). هەروەها دووپاتی کردەوە، خۆڕاگریی گەلی ئێران بۆ ماوەی 70 ڕۆژ، ئەو گۆڕانکارییەی خێراتر کردووە." ئاماژەی بەوەش دا کە "داهاتوو موڵکی باشووری جیهانە.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ڕۆژی دووشەمی ڕابردوو دووپاتی کردبووەوە کە، ستراتیجی و بڕیارە هەڵەکان هەمیشە دەبنە هۆی دەرەنجامی هەڵە و تەواوی جیهانیش لەوە تێگەییشتووە، ئێمەش ئامادەین بۆ سەرجەم بژاردەکان و نەیارەکانمان تووشی سەرسڕمان دەکەین.

ئەمەریکا و ئیسرائیل لە 28ی شوباتی 2026ەوە دەستیان بە هێرشکردنە سەر ئامانجەکان لە ناو خاکی ئێران کرد، تاران وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە بە بۆردمانێکی چڕ کە ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکای لە ناوچەکەدا کردە ئامانج.

لە هەشتی نیسانی 2026، واشنتن و تاران ئاگربەستیان ڕاگەیاند، بەڵام ئەمەریکا گەمارۆی خستە سەر بەندەرەکانی ئێران، لە بەرانبەریشدا ئێران سەپاندنی یاسای تایبەتی بۆ تێپەڕبوون بە ناو گەرووی هورمزدا ڕاگەیاند.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ژمارەیەک وڵاتی هەرێمی بە سەرۆکایەتیی پاکستان، چاودێریی چەندان خولی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لە نێوان واشنتن و تاران دەکەن، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ پێشخستنی دیپلۆماسی بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەو ململانێیەی دروست بووە.


وشە - پۆڵا مەحموود