فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق رای گەیاند، پلانێك هەیە بۆ تاوتوێكردنی كۆمەڵێك دۆسیە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریكا سەردانی واشنتن بكات، دەشڵێ، "ئابووریی عێراق قوربانیی جەنگە".
ئەمڕۆ یەكشەم 17ی ئایار، فوئاد حوسێن لە دیمانەیەكی لەگەڵ كەناڵی
"ئەلعەرەبی"ی قەتەری باس لەوە دەكات بەهۆی جەنگەوە زیانێكی زۆر بە ئابووریی عێراق گەیشتووە، هەروەها پێوەندییەكانی عێراقیش لەگەڵ وڵاتان بەهۆی جەنگی ئێران و گرژیی ناوچەكە زیانی بەركەوتووە، بۆیە عێراق دەیەوێ ئەو پێوەندییانە رێك بخاتەوە.
لە بەشێكی تری دیمانەكەی، فوئاد حوسێن باس لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق دەكات و دەڵێ، "عێراق چووتە قۆناغێكی ترەوە و كۆكردنەوەی چەكیش بە دەستی دەوڵەت گرنگترین تەوەری كارنامەی حكوومەتە".
وەزیری دەرەوەی عێراق ئاشكرای دەكات، پلانێك هەیە بۆ ئەوەی سەردانی ئەمەریكا بكات و لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی ئەمەریكا تاوتوێی كۆمەڵێك بابەت بكات.
لەگەڵ دەستبەكاربوونی دۆناڵد ترەمپ لە خولی دووەمی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا، پێوەندیی نێوان عێراق و ئەمەریكا گرژیی تێكەوتووە، بەهۆی ئەوەی ئەمەریكا داوا لە عێراق دەكات لە هەژموونی ئێران دوور بكەوێتەوە و جڵەوی میلیشیاكان بكات.