شارەزایان: تەواونەكردنی كابینەی حكوومەتی عێراق ناسەقامگیری بەدواوەیە

:: PM:07:16:17/05/2026 ‌

دوای مشتومڕێكی چەند مانگە و كێبەركێ و ململانێی هێزە سیاسییەكان، بەتایبەتی شیعە، لە 14ی ئەم مانگە كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق و كارنامەكەی لە پەرلەمان متمانەی پێ درا و دوێنێ ئەنجوومەنی وەزیرانی نوێ یەكەم دانیشتنی ساز كرد، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی ناكۆكییەكانەوە، تەنیا دەنگ لەسەر 14 وەزارەتی كابینەكە دراوە، شارەزایان وریایی لە بەردەوامبوونی ناكۆكییە سیاسییەكان دەدەن.

ئەحمەد میاحی توێژەری سیاسی پێی وایە دواكەوتنی یەكلابوونەوەی وەزارەتە بەتاڵەكانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق، ناتوانرێت وەك رێوشوێنێكی ئاسایی ئیداری مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، بەڵكو ئاماژەیەكی روونە بۆ بەردەوامیی ناكۆكییە قووڵە سیاسییەكان، بەتایبەتی لەبارەی وەزارەتە سەروەری و خزمەتگوزارییەكان كە ناوەندی قورسایی دەوڵەت پێك دێنن.

روونی كردەوە، بەردەوامبوونی ئەو ناكۆكی و بەربەستانە بۆ تەواوبوونی كابینەكە، دەبێتە هۆی ناسەقامگیرییەكی رێژەیی سیاسی، چونكە زۆرجار حكوومەتەكان لە چوارچێوەی سنووری هاوسەنگیی هێزە سیاسییەكانەوە جموجۆڵ دەكەن، بۆیە دواكەوتنی یەكلابوونەوەی تەواوی پۆستە ویزارییەكان، بەتایبەتی سەرەكییەكان، راستەوخۆ رەنگدانەوەی لەسەر توانای حكوومەتەكە و وەرگرتنی بڕیارەكان دەبێت، ئەوەش متمانەی خەڵك بە توانای حكوومەتەكە لە گەیشتن بە ئەنجامی گەورە و دیار و خێرا لاواز دەكات، دەبێتە هۆی شێوانی ئیداری و دواكەوتنی جێبەجێكردنی پڕۆژەكان.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل