ترەمپ بۆ ئێران: كات بەسەر دەچێت و پێویستە پەلە بكەن

:: PM:08:04:17/05/2026 ‌

تا ئێستە ئەنجامی وردی سەردانە دوو رۆژییەكەی هەفتەی رابردووی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بۆ چین دیار نییە، ئەوەی هەیە ئیسرائیل ئاماژە بۆ ئامادەسازی بۆ دەست پێكردنەوەی هەڵمەتە سەربازییەكەی سەر ئێران دەكات، ئەمشەو سەرۆكی ئەمەریكا جارێكی تر ئێرانی وریا كردەوە بەوەی كات بەسەر دەچێت و پێویستە پەلە بكەن، وەك ئاماژەیەك بۆ دەست پێكردنی دانوستان و رێككەوتن.

ئەمشەو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە لاپەڕی خۆی لە ترووس سۆشیال نووسیویەتی، سەبارەت بە ئێران، كاتژمێرەكە لێ دەدات و پێویستە ئەوان بەپەلە جموجۆڵ بكەن، ئەگینا هیچیان لێ نامێنێتەوە، كات زۆر گرنگە، وەك ئاماژەیەك بۆ مەترسیداریی دواكەوتن لە رازیبوون بە مەرجەكانی ئەمەریكا بۆ كۆتاهێنان بە شەڕ كە لە 28ی شوباتی رابردوو دەستی پێ كرد و 40 رۆژ بەردەوام بوو و بە ئاگربەستێكی كاتیی كۆتایی هاتووە.   

پۆستەكەی ترەمپ دوای ماوەیەكی كەم لە پێوەندییەكی تەلەفۆنی لە نێوان ترەمپ وە بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دێت، كە بەپێی "فۆكس نیوز"، پێوەندییەكە لە سایەی گفتوگۆی هەردوولا لەبارەی بژارەكانی مامەڵكردن لەگەڵ ئێران دێت، لەوانە پەرەسەندنەكانی گەرووی هورمز و وەستانی دانوستانەكان، بەپێی سەرچاوەكان، تاران پێشبینی دەست پێكردنەوەی هێرشەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل دەكات، بۆیەش تا پێی بكرێت بە مەبەستی كاتكوشتن، ستراتیجیەتی خۆدزینەوە پێڕەو دەكات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل