گراهام داوای دەست پێكردنەوەی هێرشەكانی سەر ئێران دەكات

:: PM:08:29:17/05/2026 ‌

لە دوای ئاگربەستە كاتییە دوو هەفتەییەكەی نێوان ئەمەریكا و ئێران كە لە 8ی مانگی نیسانی رباردوو هاتە راگەیاندن، تەنیا یەك گەڕی دانوستانەكان لە 11ی ئەو مانگە راستەوخۆ لە ئیسلام ئاباد بەڕێوە چووە، لەو ساتەوە ئێران خۆی لە دانوستان دەدزێتەوە، هاوكات لە داخستنی گەرووی هورمز وەك كارتێكی گوشار بۆ سەر ئابووری دنیا و بازاڕی نەوت بەردەوامە، سیناتۆرێكی ئەمەریكی داوای دەست پێكردنەوەی هێرشەكانی سەر ئێران دەكات.

لیندسی گراهام سیناتۆری ئەمەریكی لیندسی گراهام بە كەناڵی "ئێن بی سی نیوز"ی ئەمەریكی راگەیاند، دۆخی ئێستەی گەرووی هورمز زیان بە هەموومان دەگەیەنێت، بۆیە داوا لە سەرۆك ترەمپ دەكەم لە سایەی ئەو ئاگربەستە لاوازە و دانوستانە بەربەستكراوە، هێرشەكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران دەست پێ بكاتەوە.

روونی كردەوە، پێم وایە ئەو دۆخەی ئێستەی گەرووی هورمز زیان بە هەموومان دەگەیەنێت، چونكە هەرچەند ماوەی داخرانی گەرووەكە درێژتر بێت و هەرچەند هەوڵی بێ وەچان بۆ گەیشتن بە رێككەتنێك بدەین، كە بەهیچ شێوەیەك پێی ناگەین، ئێران بەهێزتر دەبێت، تا ئێستە هیچ ئاماژەیەك بۆ ئەوە نییە بەرپرسانی ئێران سەبارەت بە ئامانجەكانی رژێمەكە لە تۆقاندنی دنیا و لەناوبردنی ئیسرائیل و هێرشكردنە سەرمان گۆڕابن.

گراهام داوای لاوازكردنی زیاتری ئێرانی كرد و گوتی، ئەوەی سەرۆك ترەمپ لە رووی سەربازییەوە ئەنجامی دا جێی سەرسڕمان بوو، بەڵام هێشتا ئامانجی تر هەن دەتوانین هێرشیان بكەینە سەر و شتی تر ماوە دەتوانین بۆ زیانگەیاندن بە ئێران ئەنجامی بدەین.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل