ترەمپ: وەڵامەكەی ئێران گونجاو نەبوو و بە دەڵم نییە

:: PM:09:02:17/05/2026 ‌

ئێستە وڵاتانی ناوچەكە و دنیا چاویان لەسەر بڕیاری سەرۆكی ئەمەریكایە سەبارەت بە ئێران، ئێران لە هیچ دۆسیەیەك سازش بۆ ئەمەریكا ناكات و كات دەكوژێت، ئەوەش لە بەرژەوەندیی سەرۆكی ئەمەریكا نییە، لەوكاتەی بڕیارە لەم هەفتەیە ترەمپ لەگەڵ تیمەكەی سەبارەت بە ئێران كۆ ببێتەوە، ئەمڕۆ ترەمپ جارێكی تر دووپاتی كردەوە كە وەڵامەكەی ئێران گونجاو نەبوو و بە دەڵم نییە.

ئەمڕۆ یەكشەم ماڵپەڕی "ئاكسیۆس"ی ئەمەریكی لە چەند بەرپرسێكی ئەو وڵاتەی گواستەوە بەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا هەوڵی گەیشتن بە رێككەوتنێك بۆ كۆتاهێنان بە شەڕی ئێران دەدات، بەڵام رەتكردنەوەی ئێران بۆ داواكارییەكانی و سازشنەكردنی لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی بژارەی هێرشی سەربازی جارێكی تر هێناوەتە پێشەوە، بۆیە پێشبینی دەكرێت سێشەمی داهاتوو ترەمپ لە ژووری ئۆپراسیۆنەكان كۆبوونەوەیەك لەگەڵ تیمەكەی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی بۆ باسكردنی بژارەی هێرشی سەربازی تاوتوێ بكات، ئەوە لەوكاتەی دووپاتیان كردەوە كە دانوستانەكان لەگەڵ ئێران بە بنبەست گەیشتووە. 

ئەمشەو لە دوای پێوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، ترەمپ بە ماڵپەڕی "ئاكسیۆس"ی گوت، وەڵامی دوایی ئێرانم گونجاو نەبوو و بە دڵم نەبوو، بۆیە ئەگەر رژێمی ئێران پێشنیازێكی باشتر پێشكەش نەكات، گورزێكی زۆر بەهێزتر چاوەڕوانیان دەكات.

روونی كردەوە، چاوەڕوانی پێشنیازێكی تری ئێران دەكەین، ئەگەر پێشنیازێكی گونجاو رەوانە نەكەن، بەهێزتر لە پێشوو هێرشی دەكەینە سەر، دووپاتی كردەوە كە ئێستە سەركردەكانی ئێران لە نێوان میانڕۆ و شێتەكان دابەش بوونە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل