ئیسرائیل و ئەمەریكا ئامادەن بۆ دەست پێكردنەوەی هێرشەكان

:: PM:09:32:17/05/2026 ‌

دەستەی پەخشی ئیسرائیلی ئاماژە دەكات كە ئیسرائیل و ئەمەریكا لە دۆخی ئەوپەڕی ئامادەسازیدان بۆ ئەگەری هێرشكردنە سەر ئێران، بۆیە لە كاتی رازیبوونی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بۆ دەست پێكردنەوەی هێرشەكان، هەردوو سوپای ئەمەریكا و ئیسرائیل بە هاوبەشی ئۆپراسیۆنەكە بەڕێوە دەبەن.

ئەمڕۆ یەكشەم دەستەكە لە چەند بەرپرسێكی ئیسرائیلی گواستەوە، ئامادەسازییەكی بەردەوام بۆ دەست پێكردنەوەی هێرشەكان بۆ سەر ئێران هەیە، بەڵام ئەو رێگەچارە پێوەستە بە بڕیارەكانی ترەمپ، ناكۆكییەكە لەسەر ئەوەیە ئەگەر هێرشەكان دەست پێ بكەنەوە، ئاخۆ ژێرخانی نیشتمانیی ئێران دەكرێتە ئامانج، بەو هیوایەی ببێتە پاڵنەر بۆ سازشكردنی تاران.

لای خۆیەوە تاریق ئەبو زەینەب توێژەر و شرۆڤەكاری سیاسیی لبنانی دەڵێت، هەڕەشەكانی دوایی ئێران بە كردنەئامانجی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكا، پەرەسەندنێكی مەترسیدارە لە ناوچەكە، بەرجەستەی قەبارەی ئەو تەنگژە سیاسی و سەربازییە دەكات كە رژێمی ئێران تیایدا دەژیت، لە سایەی گوشارە نێودەوڵەتییەكان و سزا توندەكانی سەری، جیا لە پاشەكشەی رۆلی لە ژمارەیەك لە وڵاتانی عەرەبی و ناوچەكە. 

روونی كردەوە، رژێمی ئێران هەركاتێك خۆی لەناو تەنگژەی ناوخۆیی و دەرەكی بینییەوە، پەنا بۆ زمانی هەڕشە و پەرەسەندنی سەربازی دەبات، دووبارە ئاماژەكردنی بۆ كردنەئامانجی بەرژەوەندی و بنكەی سەربازییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە تەنیا پەیامی سەربازی نین، بەڵكو هەوڵێكن بۆ خۆسەپاندن وەك یاریزانێكی ناوچەكە لە رێگەی سیاسەتی تۆقاندن و دروستكردنی پشێوی تەناهییەوە، قسەكانی دوایی سەرۆكی ئەمەریكا كە باسی هێمنیی بەر لە رەشەبای كرد، پەیامێكە بەوەی قۆناغی خۆكۆنترۆڵكردن رەنگە زۆر بەردەوام نەبێت، ئەگەر ئێران لە سیاسەتی دەمارگرتن و پەرەسەندن بەردەوام بێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل