لە دوای شكستهێنانی یەكەم گەڕی دانوستانی ئێران و ئەمەریكا لە 11ی نیسانی رابردوو، ئەمەریكا گەمارۆیەكی توندی دەریایی خستە سەر بەندەرەكانی ئێران كە تا دێت كاریگەری لەسەر كەرتی نەوتی ئێران زیاتر دەبێت، بەرپرسێكی باڵای ئێران هەڕەشە لە هێزەكانی ئەمەریكا دەكات بەوەی ئارامگرتن سنووری هەیە و گەمارۆ دەریاییەكە تێكدەشكێنن.
موحسین رەزایی ئەندامی كۆمەڵگەی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی رژێم لە ئێران لە لێدوانێكی تەلەڤزیۆنیدا گوتی، گەرووی هورمز لەبەردەم جموجۆڵی بازرگانیدا كراوە دەمێنێتەوە، بەڵام بە رووی كەشتییە سەربازییەكان و هەوڵەكانی شێواندنی تەناهیی ناوچەكە داخراوە، ئاماژەی بۆ گەمارۆكەی ئەمەریكا بۆ سەر بەندەرەكانی وڵاتەكەی كرد و گوتی، جۆرێكە لە شەڕ و تاران بە مافی خۆی دەزانێت رووبەڕووی گەمارۆكە ببێتەوە.
ئەو وریایی لەوە دا كە ئارامگرتنی ئێران سنووری هەیە و گەمارۆ دەریاییەكەی ئەمەریكا تێكدەشكێنن، ئێستە هێزە چەكدارە ئێرانییەكان خۆیان بۆ هەر ئەگەرێك ئامادە دەكەن، ئەو هەڕەشەی لە سوپای ئەمەریكا كرد بەوەی ئەگەر گەمارۆ دەریاییەكەی سەر ئێران كۆتایی پێ نەهێنن، دەریای عومانیان بۆ دەكەن بە گۆڕستان.