هەوڵێكی یاسایی هەیە كە تێیدا تەمەنی خانەنشینی بۆ 63 ساڵ بگەڕێنرێتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی پاكێجێك لە پڕۆژە و پێشنیازە یاساكاندایە كە لیژنەكە لە قۆناغی ئێستەدا كاری لەسەر دەكات.
محەمەد جاسم خەفاجی ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، لەم خولەدا لە دیارترین ئەو یاسایانەی كاریان لەسەر دەكرێت، یاسای خزمەت و خانەنشینیی گشتییە كە گفتوگۆكانی پەرلەمان بەو ئاراستەیەن تەمەنی خانەنشینی بۆ 63 ساڵ بگەڕێنرێتەوە، لەگەڵ چارەسەركردنی دۆخی خاوەن ئەزموون و تواناكان بۆ ئەوەی زۆرترین كات لە دامەزراوەكانی دەوڵەتدا سوودیان لێ ببینرێت.
زیاتر گوتی، وردەكاریی كۆتایی هەموارەكە دوای خوێندنەوەی یەكەم لە ئەنجوومەنی نوێنەران ڕوون دەبێتەوە و پەسندكردنیشی پێوەستە بە كات، تەرخانكراوە داراییەكانی حكوومەت و ڕێككەوتنی فراكسیۆنەكان.
دەشڵێت، چەند پێشنیازێك لەلایەن پەرلەمانتارانەوە بۆ هەمواركردنی یاساكە و گەڕاندنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ 63 ساڵ پێشكەش كراون و هێشتا لە ژێر لێكۆڵینەوەدان.
باسی لەوەش كرد، ئەم هەموارە دوو لایەن لەخۆ دەگرێت؛ یەكەمیان بۆ ئەو فەرمانبەرانەیە كە درەنگ دامەزراون و ئەو سێ ساڵە یارمەتیدەر دەبێت بۆ تەواوكردنی مەرجەكانی خانەنشینی یان وەرگرتنی پاداشتی كۆتایی خزمەت، لایەنی دووەمیش پێوەستە بە مەترسیی كەمبوونەوەی هەلی كار بۆ گەنجان بەهۆی بەرزكردنەوەی تەمەنی خانەنشینییەوە، ئەمەش پێویستی بە دروستكردنی هاوسەنگییە لە نێوان مافی فەرمانبەران و دەرچووانی نوێدا.