دوای كشانەوەی هاوپەیمانی عەقد و سۆمەریوون و پەرلەمانتار عەمار یوسف لە هاوپەیمانییەكەی سوودانی، ئەمڕۆ پەرلەمانتار عەلی سەرای رای گەیاند، لە هاوپەیمانییەكە كشاوەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەم 18ی ئایار، عەلی سەرای پەرلەمانتار لە هاوپەیمانی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان كە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكایەتی دەكات، لە راگەیەنراوێكدا رای گەیاند، "لە سۆنگەی ئازادی هزر و كاری سیاسی، كشانەوەی خۆم لە هاوپەیمانی ئاوەدانكردنەوە رادەگەیەنم و وەك پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ كار دەكەم و سەربە لایەنێكی سیاسی نیم".
هاوپەیمانییەكەی سوودانی لەلایەن هەندێك لایەنی ناو هاوپەیمانییەكە بەوە تۆمەتبار دەكرێت، لە رێككەوتنە سیاسییەكان لای داوە و پابەندی بەڵێنەكان نەبووە. بۆیە هەفتەی پێشوو هەریەك هاوپەیمانی عەقد كە فالح فەیاز سەرۆكایەتیی دەكات و بزووتنەوەی سۆمەریوون كە ئەحمەد ئەسەدی سەرۆكایەتی دەكات، لە هاوپەیمانی ئاوەدانكردنەوە كشانەوە و دواتریش پەرلەمانتار عەمار یوسف كشایەوە.
هاوپەیمانی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان بەر لە دوایین هەڵبژاردنی عێراق پێكهات، چەندان لایەن لەخۆ دەگرێت.