سەرۆكی لبنان: هەموو شتێك دەكەین بۆ وەستانی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل

:: PM:05:14:18/05/2026 ‌

دوێنێ ئاگربەستە كاتییەكەی شەڕی لبنان كۆتایی هات، بەر لە كۆتاهاتنی جارێكی تر درێژ كرایەوە، لە ساتی راگەیاندنی لە مانگی رابردووەوە سێ دانوستانی راستەوخۆ لە نێوان لبنان و ئیسرائیل لە واشنتن بەڕێوە چووە، جۆزێف عەون سەرۆكی لبنان ئاماژە دەكات كە هەموو شتێك دەكەن بۆ وەستانی شەڕ لە لبنان.

قسەكانی عەون هاوكاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی دانوستانەكانی حكوومەتی لبنان و ئیسرائیل لە واشنتن لە لایەك و بەردەوامیی هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لبنان لە لایەكی تر، كە ئەمڕۆ دانیشتووانی چەند ناوچەیەكی تری لبنانی ئاگەدار كردووەتەوە بەوەی چۆڵی بكەن و بۆردمانیان دەكات.

وەك ئاژانسی "فرانس پرێس"ی فڕەنسی باسی كرد، لێدوانەكەی عەون لە كاتێكدایە بڕیارە لە كۆتایی ئەم مانگە كۆبوونەوەیەكی شاندی سەربازیی لبنان و ئیسرائیل لە ئەمەریكا بێتە سازكردن، جیا لە گەڕێكی تری دانوستانەكانیان لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی داهاتوودا. 

سەرۆكی لبنان دووپاتی كردەوە، كە ئەو چوارچێوەی وڵاتەكەی لە دانوستانەكان دیاری كردوون بریتییە لە كشانەوەی تەواوەتیی ئیسرائیل و وەستانی شەڕ و بڵاوبوونەوەی سوپای لبنان لەسەر سنوورەكان و گەڕانەوەی ئاوارەكان و پێشكەشكردنی یارمەتی دارایی و ئابووری بۆ لبنان، عەون لە پۆستێك لە تۆڕی ئێكس نووسیویەتی، هەرچییەك بەدەر لەوانە باس دەكرێت راست نییە.

عەون ئاماژەی كرد كە لە سۆنگەی پێگە و بەرپرسیارەتییەكەی دەبێت هەموو شتێك بكات و بە كەمترین تێچوو بۆ وەستانی شەڕ لە لبنان، چونكە لبنانییەكانی پێشتر شەڕیان تاقی كردووەتەوە و دەزانن وڵاتەكەیان بە كوێ دەگەیەنێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل