دوای رەتكردنەوەی وەڵامی پێشنیازێكی ئەمەریكا لە لایەن ئێرانەوە لە لایەن سەرۆكی ئەمەریكاوە، جارێكی تر ئێران پێشنیازێكی 14 خاڵی لە رێگەی پاكستانەوە بە ئەمەریكا داوە بۆ دەست پێكردنەوەی دانوستانەكان، سەرچاوەیەكی ئێرانی باسی چەند وردەكارییەكی پێشنیازەكە دەكات، كە داوای كۆتاهاتنی شەڕ و لابردنی سزاكانی سەر ئێران و كردنەوەی گەرووی هورمز دەكات.
سەرچاوەكە بە ئاژانسی "
رۆیتەرز"ی راگەیاند، ئەمەریكا لەبارەی رێگەدان بە ئێران بۆ بەردەوامبوون لە چالاكییە ئەتۆمییە سنووردارە ئاشتییانەكەی لەژێر چاودێریی ئاژانسی وزەی ئەتۆمیی نێودەوڵەتی نەرمی نواندووە، واشنتن رازی بووە بە ئازادكردنی تەنیا چواریەكی پارە بلۆككراوەكانی ئێران بە قۆناغ، لەوكاتەی ئێران داوای چاوخشاندنەوەی بە هەڵوێستی ئەمەریكای لەو بارەوە كردووە.
سەرچاوەكە دووپاتی كردەوە كە جارێكی تر ئێران لە پێشنیازەكەی سەرنجی خستووەتە كۆتاهێنان بە شەڕ و كردنەوەی گەرووی هورمز و لابردنی گەمارۆ دەریاییەكەی ئەمەریكا لەسەر بەندەرەكانی، هەرچی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران و پیتاندنی یۆرانیۆمە، ئەو بابەتە بۆ گەڕەكانی داهاتووی دانوستانەكان دوا بخرێت.
ئەمڕۆ دووشەم ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی دووپاتی كردەوە كە تاران لە رێگەی پاكستانەوە رەشنووسێكی تری دانوستانەكانی پێكهاتوو لە 14 بڕگە پێشكەشی ئەمەریكا كردووە، كە سەرنج دەخاتە سەر دانوستانەكان و دروستكردنی متمانە لە لایەن ئەمەریكاوە، لەوكاتەی سەرچاوەیەكی پاكستانی ئاشكرای كرد كە دوێنێ پێشنیازێكی نوێی ئێرانیان داوەتە ئەمەریكا و ئێستە هەردوو وڵات لە گۆڕینی مەرجەكانیان بەردەوامن.