حزبوڵای عێراقی پشت لە فەرماندەكەی دەكات : سەر بە ئێمە نییە

:: PM:06:18:18/05/2026 ‌
میلیشیای كەتائیبی حزبوڵای عێراقی لە راگەیەنراوێكدا دەڵێ‌، "محەمەد باقر سەعدی كە لەلایەن ئەمەریكاوە رفێندراوە سەر بە ئێمە نییە، هەر لە راگەیەنراوەكەدا هەڕەشە لە ژەنەڕاڵ پەترایۆس و ئوردن دەكات.

ئەمڕۆ دووشەم 18ی ئایار میلیشیای كەتائیبی حزبوڵای عێراقی لە راگەیەنراوێكدا دەڵێ، "‌محەمەد باقر سەعدی كە لەلایەن ئەمەریكاوە رفێندراوە سەر بە ئێمە نییە"

میلیشیاكە كە لە لیستی تیرۆری ئەمەریكادایە پێشبینی دەكات ئەمەریكا و ئیسرائیل جارێكی تر هێرش بكەنە سەر میلیشیاكان و سەركردەكانیان و هەڕەشەیش لە ئوردن دەكات گوایە هەموو ئەو هەوڵانە لە لایەن ئەو وڵاتەوە دەدرێن.

سەرەڕای ئەمەیش باس لە گەڕانەوەی ژەنەڕاڵ دیڤید پەترایۆس دەكات كە پێشتر فەرماندەی هێزەكانی ئەمەریكا بووە لە عێراق و ئێستەیش دەنگۆی ئەوە هەیە سەرپەرشتی پرۆسەی چەككردنی میلیشیاكان بكات. بۆیە میلیشیاكە هەڕەشە لە پەترایۆس دەكات.

رۆژی هەینی رابردوو نووسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمەریكا  ناسراو بە "FBI" رای گەیاند، محەمەم باقر سەعدی گرتووە و رەوانەی ئەمەریكا دەكرێت و لەوێ‌ دادگایی دەكرێت بە تۆمەتی ئەوەی چەندان هەوڵی لە دژی ئەمەریكا و ئیسرائیل داوە. دامەزراوە فەرمییەكانی ئەمەریكا سەعدی وەك سەرپەرشتیاری گرووپێكی میلیشیایی بە ناوی "ئەسحاب یەمین" هەروەها فەرماندە لە كەتائبی حزبوڵا دەناسێنێت.



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل