دوای ئەوەی لە 14ی ئەم مانگە لە پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق بە سەرۆكایەتیی عەلی زەیدی و كارنامەی حكوومەتەكەی درا، تەنیا 14 كاندیدی وەزارەتەكان لە كۆی 22 وەزارەت تێپەڕ كران، بۆیە هەشت وەزارەت بە وەكالەت بەڕێوە دەبرێن و چاوەڕوان دەكرێت دوای پشووەكانی جەژن تەواو بكرێت.
لە سەرەتای ئەم هەفتەیە لە 16ی ئایار، كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق دەستبەكار بوو، بەڕێوەبردنی ژمارەیەك وەزارەت بە وەكالەت بە وەزیرانی تر راسپێردرا، تا یەكلابوونەوەیان، لەوانە عەلی زەیدی سەرۆك وەزیران، خۆی وەك فەرماندەیی گشتیی هێزە چەكدارەكان وەزارەتەكانی ناوخۆ و بەرگری بەڕێوە دەبات، فالح ساری وەزیری دارایی وەزارەتی پلاندانانیش بەڕێوە دەبات.
عەبدولحوسێن مووسەوی وەزیری تەندروستی وەزارەتی خوێندنی باڵا بەڕێوە دەبات و فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن بەڕێوە دەبات، خالید شوانی وەزیری داد، وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیش بەڕێوە دەبات و محەمەد نووری وەزیری پیشەسازی وەزارەتی وەرش و لاوان بەڕێوە دەبات و موسەنا تەمیمی وەزیری سەرچاوەكانی ئاو وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران بەڕێوە دەبات و سروە عەبدولواحید وەزیری ژینگە وەزارەتی رۆشنبیری بەڕێوە دەبات.