ململانێی مالیكی و سوودانی بەردەوامە و ئەگەری دروستبوونی بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆن هەیە

:: PM:08:05:18/05/2026 ‌

پێ دەچێت دیاریكردنی كاندیدی هاوبەشی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران و دابەشكردنی پۆستە ویزارییەكان ململانێی نێوان نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكی هاوپەیمانی ئیعمار و تەنمیەی كۆتایی پێ نەهێنابێت، راپۆرتەكان باسی جیابوونەوەی هەردوو هاوپەیمانی لە پەرلەمان و پێكهێنانی بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆن دەكەن.

محەمەد خالیدی ئەندامی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێت، ئەگەری هەیە ژمارەیەك هێزی سیاسی بەرەو پێكهێنانی بەرەیەكی نوێی ئۆپۆزسیۆن لەناو پەرلەمانی عێراق بەناوی "هاوپەیمانی بەهێزەكان" بچن، كە نووری مالیكی سەركردایەتی دەكات و بژارەی بەرهەڵستكاری سیاسی لە قۆناغی داهاتوو دەگرێتە بەر.

روونی كردەوە، لە بەرانبەردا ئاراستەیەكی تر بە سەرۆكایەتیی محەمەد شیاع سوودانی هەیە و دەیەوێ هاوپەیمانیەتێكی فرەوانی پاڵپشتیكار بۆ حكوومەت لەناو پەرلەمان دروست بكات، كە زیاتر لە 100 پەرلەمانتار لەخۆ دەگرێت، بۆ مسۆگەركردنی تێپەڕاندنی بڕیارەكان و دروستبوونی سەقامگیریی سیاسی.

هەفتەی رابردو پەرلەمانی عێراق متمانەی بە 14 وەزیری كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق دا، هەشت وەزارەت بە وەكاڵەت بەڕێوە دەچن تا تەواوكردنی كابینەكە لە دانیشتنێكی پەرلەمان لە دوای پشووەكانی جەژنی قوربان، ئەگەرچی لە دوایین دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر كابینە و كارنامەی حكوومەتی نوێ ئاڵۆزی بەهۆی تێپەڕنەكردنی كاندیدی چەند وەزارەتێك دروست بوو، لەوانە دوو وەزارەتەكەی دەوڵەتی یاسا. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل