دوای مشتومڕێكی زۆر حكوومەتی نوێی عێراق هاتە پێكهاتن، چاوەڕوان دەكرێت تەواوی هێزە سیاسییە شیعە و كورد و سوننە پاڵپشتی لەو حكوومەتە و كارنامەكەی بكەن، كە زیاتر سەرنج دەخاتە سەر چارەسەركردنی تەنگژە ناوخۆییەكان، بەتایبەتی ئابوورییەكان، میلیشیاكان یەكەم پەیامی خۆیان بۆ حكوومەتەكە رەوانە كرد و شەوی رابردوو سعوودیەیان بۆردمان كرد.
بەپێی
شارەزایان ئەو میلیشیایانە دەیانەوێ دۆخێك لە عێراق دروست بكەن، دەستەكانی حكوومەتی نوێی عێراق لە رووبەرووبوونەوەیان ببەستنەوە، موخلید حازم دەرب شارەزای تەناهی دەڵێت، كەسانێك هەن هەوڵی تێكەڵكردنی كارتەكان لەو ساتە هەستیارە دەدەن، كە پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق بەخۆیەوە دەبینێت و رووبەڕووی ئاڵنگارییەكی زۆر بووەتەوە، گرنگتریان كۆنترۆڵكردنی گرووپەكانی بەرەی موقاوەمە.
زیاتر گوتی، مەبەستی ئەو تێكەڵكردنەش شكستهێنانی ئەركی حكوومەتی نوێیە لە بەربەستكردنی كاری ئەو میلیشیایانە وەك حكوومەتەكانی پێشوو، ئەوان بەهۆی وابەستەییان بە ئیران لە رووی بیروباوەڕەوە، باكیان بە دۆخی عێراق و رەنگدانەوەی هێرشەكانیان بۆ سەر وڵاتانی كەنداو لەسەر پێوەنییەكانیان لەگەڵ عێراق نییە.
دەرب دووپاتی كردەوە كە ئەو میلیشیایانە بریتین لە ناوەندێكی پێشكەوتووی بەرگری بۆ ئێران، ئەوان ئامرازێكی ئێرانن بۆ پەرشوبڵاوكردنی شەڕەكە، بۆیە پێشبینی دەكرێت رۆژانی داهاتوو پڕ بێت بە سوپرایز و خۆسەلماندن و شكاندنی خواستی یەكتر لە نێوان ئێران و ئەمەریكا لەسەر گۆڕەپانی عێراق.