لەوكاتەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە زمانی هەڕەشەكردن لە ئێران بەردەوامە، ئێران بێباكانە وەڵامی پێشنیازەكانی ئەمەریكا دەداتەوە، ئەمڕۆ هاتە راگەیاندن كە تاران چێشنیازێكی نوێی لە رێگەی پاكستانەوە داوەتە ئەمەریكا بۆ وەستانی شەڕ، سەرۆكی ئەمەریكا دەڵێت، سازش بۆ ئێران ناكەین و دەزانێت بەمنزیكانە چی روودەدات.
لە وەڵامی پرسیارێكی رۆژنامەی
"نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی سەبارەت بە هەڵوێستی لەبارەی قبووڵكردنی وەستانێكی خۆویستانەی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ماوەی 20 ساڵ، ترەمپ گوتی، ئێستە لە هیچ شتێكەوە بە رووی ئێران كراوە نیم، بەڵام لە ئێران بێشومێد نیم و ئێران بەتەواوی درك بەوە دەكات كە ئەمەریكا دەتوانی زیانی زیاتری پێ بگەیەنێت، ئەوان زیاتر لەهەر كاتێكی تر بە دوای رێككەوتنن، چونكە باش دەزانن بەمنزیكانە چی روودەدات.
شەوی رابردوو سەرۆكی ئەمەریكا لە لاپەڕی خۆی لە ترووس سۆشیال نووسیبووی، سەبارەت بە ئێران، كاتژمێرەكە لێ دەدات و پێویستە ئەوان بەپەلە جموجۆڵ بكەن، ئەگینا هیچیان لێ نامێنێتەوە، كات زۆر گرنگە، وەك ئاماژەیەك بۆ مەترسیداریی دواكەوتن لە رازیبوون بە مەرجەكانی ئەمەریكا بۆ كۆتاهێنان بە شەڕ كە لە 28ی شوباتی رابردوو دەستی پێ كرد و 40 رۆژ بەردەوام بوو و بە ئاگربەستێكی كاتیی كۆتایی هاتووە.
پۆستەكەی ترەمپ دوای ماوەیەكی كەم لە پێوەندییەكی تەلەفۆنی لە نێوان ترەمپ وە بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دێت، كە بەپێی "فۆكس نیوز"، پێوەندییەكە لە سایەی گفتوگۆی هەردوولا لەبارەی بژارەكانی مامەڵكردن لەگەڵ ئێران دێت، لەوانە پەرەسەندنەكانی گەرووی هورمز و وەستانی دانوستانەكان، بەپێی سەرچاوەكان، تاران پێشبینی دەست پێكردنەوەی هێرشەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل دەكات، بۆیەش تا پێی بكرێت بە مەبەستی كاتكوشتن، ستراتیجیەتی خۆدزینەوە پێڕەو دەكات.