ئەمڕۆ ئێران رای گەیاند كە ئێوارەی دوێنێ پێشنیازێكی نوێی دەستكاریكراوی لە رێگەی پاكستانەوە داوەتە ئەمەریكا بۆ دانوستان و وەستانی شەڕ، بەرپرسێكی باڵای ئەمەریكی ئاشكرای كرد كە كۆشكی سپی پێی وایە پێشنیازەكەی ئێران لە رووی ناوەڕۆكەوە گۆڕانكارییەكی گەورەی تیادا نییە و بەس نییە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن.
وەك ماڵپەڕی
"ئاكسیۆس"ی ئەمەریكی لە سەرچاوەكەی گواستەوە، پێشنیازە دەستكاریكراوەكەی ئێران كە ئێوارەی دوێنێ یەكشەم لە رێگەی پاكستانییەكانەوە بە ئەمەریكا دراوە، تەنیا چەند گۆڕانكارییەكی كەمی شێوەیی بە بەراورد بە پێشنیازەكەی پێشوو لەخۆ گرتووە، چەند دەستەواژەیەكی زیاتری تێ خراوە لەبارەی پابەندیی ئێران بە هەوڵنەدان بۆ بوون بە خاوەنی چەكی ئەتۆمی، كەچی بەڵێنی لەبارەی هەڵپەساردنی پیتاندنی یۆرانیۆم یان رادەستكردنی ئەمباری یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراوی ئێستەی تیادا نییە.
ئەو بەرپرسە ئەمەریكییە دووپاتی كردەوە كە سووككردنی سزاكانی سەر ئێران بێ بەرانبەر و بێ هەنگاوی بەرانبەری ئێران نابێت، راستییەكەی ئێمە پێشكەوتنێكی گەورە بەدەست ناهێنین و لە دۆخێكی زۆر مەترسیدارین و بە مەبەستی وەڵامدانەوەیەكی دروست واشنتن گوشار لە تاران دەكات، بۆیە كاتی ئەوە هاتووە ئێرانییەكان هەندێك سازش بكەن، گفتوگۆی رژد و ورد لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بكەین، ئەگەر ئەوە روونەدات، گفتوگۆكان لە رێگەی بۆمبەكانەوە دەبن و ئەوەش جێی داخە.