تا ئێستە ئێران بێباكانە وەڵامی پێشنیازەكانی ئەمەریكا بۆ وەستانی شەڕ و كردنەوەی گەرووی هورمز و رادەستكردنی یۆرانیۆمە زۆر پیتێنراوەكەی دەداتەوە، لەوكاتەی بڕیارە سبەی سەرۆكی ئەمەریكا كۆبوونەوەیەكی گرنگ سەبارەت بە ئێران ساز بكات، شارەزایەك پێی وایە دەهۆڵی شەڕێكی تر لە ناوچەكە دەكوترێت و لەبەردەم 72 سەعاتی چارەنووسسازداین.
سادق عەبدولا شارەزای بواری تەناهی دووپاتی كردەوە كە هەموو ئاماژە مەیدانی و سیاسییەكان بەرەو ئەوەن كە دەهۆڵی شەڕ لە ئاسمانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكوترێت، هەردوولا، ئێران و ئەمەریكا، توانای سەربازیی خۆیان ساز دەكەن و خۆیان بۆ گەڕێكی تری شەڕ ئامادە دەكەن كە رەنگە یەكلاكەرەوە بێت.
زیاتر گوتی، 72 سەعاتی داهاتوو لەبارەی ئاراستەی بڕیاری ئەمەریكا یەكلاكەرەوە دەبێت، ئاخۆ ترەمپ روو لە بژارەی هێرشكردنە سەر ئێران یان بەرەو رێككەوتنێكی ستراتیجی دەكات، كە شێوەی ناوچەكە بۆ دەیان ساڵی داهاتوو دیاری دەكات، تا ئێستە ئەو ئامانجە ستراتیجییانەی ترەمپ باسی كردوون جێبەجێ نەبوونە، بەتایبەتی پێوەست بە رووخاندنی رژێمی ئێران و دۆزینەوەی شوێنگرەوە بۆی یان داماڵینی لە توانا مووشەكی و ئەتۆمییەكەی.
عەبدوڵا دووپاتی كردەوە، ئێستە ترەمپ دوای شكستهێنانی لە جێبەجێكردنی ئەو ئامانجانەی باسی چەند رۆژ و هەفتەی بۆ پێكانیان دەكرد، لە دۆخێكی ناهەموواری ناوخۆیی و دەرەكیدا دەژیت، ئەوەش گوشارێكی زۆری خستووەتە سەر بۆ وەرگرتنی چەند بڕیارێكی یەكلاكەرەوە لە ماوەی كەمی داهاتوودا.