لە سایەی پێداگریی ئێران و سازشنەكردنی بۆ داواكانی ئەمەریكا بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی وەستانی شەڕ، شارەزایان پێیان وابوو گەڕێكی تری هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران زۆر نزیك بووەتەوە، ئەمشەو سەرۆكی ئەمەریكا دواخستنی هێرشی سبەی سەر ئێرانی راگەیاند.
ئەمشەو
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دواخستنی هێرشی سەربازی سەر ئێرانی راگەیاند، كە بڕیار بوو سبەی سێشەم ئەنجام بدرێت، ئەوەش لەسەر داوای چەند وڵاتێكی كەنداو، هاوكات داوای لە پنتاگۆن كرد لەوپەڕی ئامادەسازی بمێننەوە بۆ ئەنجامدانی هێرشەكە لە حاڵەتی نەگەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ تاران.
ترەمپ گوتی، بەر لە ماوەیەكی كەم گفتوگۆیەكی رژد لەبارەی ئێرانەوە كرا، هەریەك لە میری قەتەڕ و شازادەی جێنشینی سعوودیە و سەرۆكی ئیمارات داوایان لێی كردووە لە هێرشكردنە سەر ئێران وەك ئەوەی پلانی بۆ داڕێژرابوو پەلە نەكات، فەرمانڕەواكانی ئەو سێ دەوڵەتەی كەنداو پێیان وایە دەتوانرێت رێككەوتنێكی قبووڵكراو لە لایەن ئەمەریكا و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ ئێران بكرێت.
ترەمپ زیاتر گوتی، ئەو رێككەوتنەی سەركردەكان پێیان وایە پێی دەگەین، مسۆگەری دەكات كە ئێران نابێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی، بۆیە داوام لە پنتاگۆن كرد ئەو هێرشە بوەستینن كە بڕیار بوو سبەی جێبەجێ بكرێت، ئەوەش وەك رێزێك بۆ میری قەتەر و شازادەی جێنشینی سعوودیە و سەرۆكی ئیمارات، بەڵام داوام لێ كردن لەوپەڕی ئامادەسازی بمێننەوە بۆ ئەنجامدانی هێرشەكە ئەگەر بە رێككەوتنێكی گونجاو نەگەیشتین.