زەیدی لە 100 ڕۆژدا گرووپە چەكدارەكانی سه‌ر به‌ ئێران هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌

:: AM:10:40:19/05/2026 ‌
عەلی زەیدی سەرۆكی حكوومەتی نوێی عێراق، هەنگاو بە ئاراستەی كردنەوەی دۆسیە هەستیارە داخراوەكانی چەند ساڵی ڕابردوو دەنێت، لە ماوەی مانگێك تا سێ مانگی یەكەمی حكوومەتەكەیشی دەیەوێ زنجیرەیەك ڕێوشوێن بە ئامانجی هەڵوەشانەوەی گرووپە چەكدارەكانی سەربە ئێران و كردنەوەی دۆسیە گەورەكانی گەندەڵی یەكلا بكاتەوە، ئەمەیش دوای ئەوەی پشتیوانی ڕاستەوخۆی موقتەدا سەدری ڕێبەری رەوتی سەدرییەكانی بۆ دووپات كرایەوە.

ئەو ئامانجانەی زەیدی و پشتیوانیكردنی لەلایەن سەدرەوە، لە كاتێكدایە كە چوارچێوەی هاوئاهەنگی ڕووبەڕووی لەتبوون و دابەشبوونی گەورە لەسەر دابەشكردنی پۆستە وەزارییەكان هاتووە، هاوكات سەركردە میلیشیا چەكدارەكان لە دۆخێكی تەناهی ناجێگیردا، دوای ئەوەی ترسی زۆریان لا دروست بووە، كە ئەمەریكییەكان سەركردەی میلیشیاكان تاك تاك بڕفێنن و ئۆپراسیۆنی سەربازی كورت و كتوپڕ لە دژیان ئەنجام بدەن.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست ڕۆژنامەی "مەدا" كەوتوون، زەیدی دەیەوێ لە 100 ڕۆژی یەكەمی كاری حكوومەتەكەی، میكانیزمی ڕوون و ڕێوشوێنی واقیعی بۆ هەڵوەشانەوەی ئەو شەش گرووپە چەكدارەی لە ناو لیستی ڕەشی ئەمەریكان بگرێتەبەر، هاوكات دۆسیە گەورەكانی گەندەڵی دووبارە بكاتەوە و كاریان لەسەر بكرێت، لەوانە دۆسیەی نور زوهەیر، جیا لەوەی دوور لە چاوی میدیاكان دانوستانی لەگەڵ گرووپە چەكدارەكان كردووە و لیژنەیەكی سێ كەسی بۆ هەڵوەشاندنەوەیان پێكهێناوە، كە محەمەد شیاع سوودانی و هادی عامری ئەندامی لیژنەكەن.

گرتنەبەری ڕێوشوێن بۆ هەڵوەشانەوەی گرووپە چەكدارەكان جیا لە پشتیوانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، گڵۆپی سەوزی لەلایەن موقتەدا سەدری ڕێبەری سەدرییەكانیش بۆ هەڵكرا، دوای ئەوەی لە ڕۆژانی ڕابردوو سەدر پێوەندی بە زەیدییەوە كرد و پیرۆزبایی متمانەدان بە حكوومەتەكەی لێكرد.

غالب دەعمی ئەكادیمست و توێژەری سیاسی دەڵێ، پێوەندیی سەدر بە زەیدی، هەڵگری ئاماژەی سەرەكی و ڕوونە كە پشتیوانی لە ڕێوشوێنەكانی دەوڵەت بۆ سەپاندنی سیستمی سیاسی وڵات و سەروەری یاسا لە تەواوی جومگە جیاجیاكانی عێراق دەكات.


وشە - باز ئه‌حمه‌د