"ئۆفیسێكی تایبەت بۆ ئۆجەلان دەكرێتەوە و هەنگاوی داهاتووش پەكەكە چەك دادەنێـت"

:: AM:11:17:19/05/2026 ‌
میدیای توركیا بڵاویان كردەوە كە لە بەرزترین ئاستی ئاكپارتیدا، تاوتوێی پێشنیارەكەی دەوڵەت باخچەلیان كردووە. ئۆفیسێكی تایبەتیان لە ئیمراڵی بۆ ئۆجەلان كردووەتەوە تا وەك  لایەنی جێبەجێكاری پرۆسەی "توركیای بێ تیرۆر" كار بكات.

میدیای توركیا ئەمرۆ سێشەم بڵاویان كردەوە كە ئاكپارتی لە بەرزترین ئاستدا، نەخشەڕێگەی باخچەلی بۆ دەسواڵاكردنی ئۆجەلان تاوتوێ كردووە و بڕیاری لەبارەوە داوە.

بەپێی هەواڵەكان، ئۆفیسێكی تایبەت لە ئیمراڵی بۆ ئۆجەلان كراوەتەوە، لەو ئۆفیسەدا وەك لایەنی جێبەجێكار  كارەكانی پرۆسەی "توركیای بێ تیرۆر" دەكات.

هاوكات باس لەوەش كراوە، هێشتا ئۆجەلان نەبراوەتە ئۆفیسەكە، بڕیارە لە رۆژانی داهاتوو بەتەواوی بگوازرێتەوە.

ئۆفیسەكە ئاسانكاریی دەكات لە هاتوچوونی میوان و دیدارەكانی ئۆجەلان و دەستواڵاتری دەكات كارەكانی پرۆسەكە باشتر بەڕێوە بچێت.

باخچەلی پێشنیاری كردبوو بەمەبەستی هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە و كۆتاهێنان بە كێشەی چەكداری، پێشنیاز دەكات نازناوی هاوئاهەنگیكاری پرۆسەی ئاشتی و كاری سیاسی بدرێتە عەبدوڵا ئۆجەلان، بە مەرجێك سزای گیرانەكەی وەك خۆی بمێنێتەوە.

سەرۆكی مەهەپە گوتبووی، بۆ ئەوەی رێگریی لە دەستێوەردانی دەرەكی و دروستبوونی فرەدەنگی لەناو پەكەكەدا بكرێت، پێویستە دامەزرێنەری رێكخراوەكە خۆی سەرپەرشتیی پرۆسەی چەكدانان و هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتیی رێكخراوەكە بكات. 

باخچەلی ئاماژەی بەوە دا، ئۆجەلان بەم نازناوە نابێتە نوێنەری كورد یان بەرگریكار لە مافە نەتەوەییەكان، بەڵكو تەنیا وەك هاوئاهەنگیكارێك بۆ كۆتاهێنان بە چەك كار دەكات.

 ئاكپارتی پێش كۆنترۆڵكردن و پشتڕاستكردنەوەی دانانی چەك لەلایەن پەكەكەوە، سڵ لە هاوێشتنی هەنگاوی نوێ دەكاتەوە، بۆیە رەنگە هەنگاوی داهاتووی ئۆجەلان، كۆتایی بە بابەتی چەكداری پەكەكە بێـت و هەموو چەكەكانیان رادەست بكرێت.
 
پسپۆڕانی یاسایی لە ئاكپارتی ئاماژە بەوە دەكەن، پێدانی "پێگەی یاسایی" بە ئۆجەلان پێویستی بە یاسا هەیە، بەڵام دەكرێت لە ژێر ناونیشانی پێگەیەكی كۆمەڵایەتی كار لەسەر پێشنیارەكەی باخچەلی بكرێت. 

میدیای توركیا لە زاری بەرپرسانی ئەكپارتییەوە بڵاویان كردووەتەوە، بڕیاری كۆتاییش دوای پێشكەشكردنی راپۆرتی دەزگای هەواڵگریی توركیا (میت) دەبێت، كە تێیدا تەوەرەكانی گفتوگۆ لەگەڵ ئیمراڵی و قەندیل روون دەكرێنەوە.



وشە - سۆران عەزیز