لە یەكەم ئاڵنگاری كە ڕووبەڕووی عەلی زەیدی سەرۆكی حكوومەتی عێراق دەبێتەوە، بریتییە لە هەڕەشەی میلیشیاكان بە هێرشكردنە سەر سعوودیە، هەروەها وەڵامدانەوەی سعوودیە بە پچڕاندنی تەواوی پێوەندییە دیپلۆماسییەكان لە ئەگەری هێرشی درۆنی لە خاكی عێراقەوە بۆ سەر وڵاتەكەی.
بەگوێرەی زانیارییەكان، سعوودیە پەیامێكی گەیاندووەتە وەزارەتی دەرەوەی عێراق و تێیدا بە ڕوونی هەڕەشەی پچڕاندنی تەواوی پێوەندییە دیپلۆماسییەكانی نێوان هەردوو وڵاتی كردووە، بەهۆی ئەو هێرشە تیرۆریستییانەی لە عێراقەوە دەكرێنە سەر ژێرخانی ئەو وڵاتە.
هەڵدانی درۆن و مووشەك لەلایەن گرووپە چەكدارەكانی سەربە ئێران لە عێراق بە ئاراستەی سعوودیە و كوێت و ئیمارات، ئەو وڵاتانەی بە تەواوی تووڕە كردووە و گرژیی زۆری بەتایبەت لە نێوان ڕیاز و بەغدا دروست كردووە، هەر بەو هۆیەشەوە محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعوودیە، بە تەلەفۆن پیرۆزبایی لە زەیدی و حكوومەتەكەی نەكرد، بگرە تەنیا بروسكەیەكی پیرۆزبایی ڕەوانە كردووە و وەك نووسینگەی سەرۆكی حكوومەت بڵاوی كردووەتەوە، لە بروسكەكەدا بن سەلمان داوای دڵنیایی كردووە و دووپاتی كردووەتەوە، دەسەڵاتی ئەو وڵاتە ڕێگە نادات كە میلیشیاكان بەردەوام بن لە هێرشەكانیان بۆ سەر سعوودیە لەسەر خاكی عێراقەوە.
بۆ ڕێگرتن لە ئاڵۆزبوونی زیاتری
گرژییەكان، ئەنجوومەنی سیاسیی سوننە داوای لە حكوومەت كردووە شاندێك ڕەوانەی ڕیاز بكەن، تا دۆخەكە هێور بكەنەوە، چونكە ماوەی نزیكەی مانگێكە حكوومەتی سعوودیە كۆبوونەوەی خولی ئەنجوومەنی هاریكاری عێراقی سعوودی بۆ بەهێزكردنی پێوەندی بازرگانی و ئابووری و تەناهی لە نێوان هەردوو وڵات هەڵپەساردووە.
ئەو هەڕەشانەی ڕیاز، بە یەكەم ئاڵنگاریی گەورە بۆ سەر زەیدی و حكوومەتەكەی هەژمار دەكرێن، تا ئێستەیش ڕوون نییە كە زەیدی چۆن ڕێگریی لە پەرەسەندنی گرژییەكان دەكات و بەسەر ئەو گرفتە دیپلۆماسییە زاڵ دەبێت.