هەرێمی كوردستان وەڵامی سوپای پاسداران دەداتەوە و رای گەیاندووە، ڕێگە بە تێپەڕبوونی چەك بۆ ئێران نادەین و نامانەوێ تێوە بگلێین.
دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان، بە توندی ئەو دەنگۆ و لێدوانانەی سوپای پاسدارانی ئێرانیان ڕەت كردەوە كە تیایدا باس لە ڕێگەدان بە تێپەڕبوونی چەكی ئەمەریكی دەكات، بۆ دەست ئۆپۆزسیۆنی كوردیی ئێران لە ڕێگەی خاكی هەرێمەوە.
لەم چوارچێوەیەدا لایەنی پێوەندیداری هەرێم دووپاتی كردەوە، بە هیچ شێوەیەك نایانەوێ ببنە بەشێك لەو ململانێیە و ڕێگەش بە گواستنەوەی هیچ جۆرە چەكێك بۆ ناو خاكی ئێران نادەن.
بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی (شەرق ئەوسەت) كە لە زاری بەرپرسێكی باڵای تەناهیی كوردەوە گواستوویەتیەوە و ناوەكەی پاراستووە، دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان، بە هەموو شێوەیەك ڕێگرن لە پەڕینەوەی باری چەك یان هەر جۆرە كەلوپەلێكی تری قاچاخ بۆ ناو خاكی كۆماری ئیسلامیی ئێران.
ئەو بەرپرسە هۆكارەكەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە كە؛ "ئەم جۆرە كارانە لە پێش هەر شتێكەوە، مەترسییەكی گەورە بۆ سەر ئاسایشی ناوخۆیی وڵاتەكە دروست دەكەن، هەروەها هەرێم نایەوێ لە هیچ جۆرە ململانێیەكدا لەگەڵ ئێران تێوە بگلێت".
بەرپرسە سەربازییەكەی هەرێم ئەوەی ڕەت نەكردووەتەوە كە ڕەنگە هەندێك ئۆپراسیۆنی قاچاخچێتی لەلایەن گرووپە بازرگانییە نایاساییەكانی چەكەوە، بەشێوەیەكی شاراوە و دوور لە چاوی چاودێریی دەسەڵاتداران ئەنجام بدرێن.
ڕۆژی دووشەم سوپای پاسدارانی ئێران گوتی، هێزەكانیان توانیویانە هەوڵێكی "زەبەلاح" و گەورەی قاچاخی چەك و تەقەمەنیی ئەمەریكی، لە سنوورەكانی هەرێمی كوردستانی عێراقەوە بۆ ناوخۆی ئێران ئاشكرا و پووچەڵ بكەنەوە.